سەردێر

هەپەگە ئەنجامدەری بۆردوومانەكەی بامەڕنێ ئاشكرادەكات

خەڵك-

هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) باڵی سەربازی (پەكەكە) ئاشكرای دەكات، كە توركیا هێرشەكەی سەر بامەڕنێی ئەنجامداوە و دەشڵێت: “هەندێك لە بەرپرسان و میدیاكانی پارتی هەوڵیاندا ئەو ڕووداوە بخەنە ئەستۆی هێزەكانی گەریلامان و ئێمەی پێ تۆمەتبار بكەن”.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ڕاگەیەنراوێكی سەبارەت بە بۆردوومانەكەی دوێنێی دەوڵەتی توركیا لە بامەڕنێ بڵاوكردەوە و ڕایگەیاندووە، “دوێنێ لە شارەدێی بامەڕنێ لە دەڤەری ئامێدی، لەئەنجامی هێرشێكی دەوڵەتی داگیركەری توركیا دوو منداڵ شەهیدبوون، كە لەگەڵ خێزانەكانیاندا لە گەشتدابوون، سەرەخۆشی ئاڕاستەی خانەوادەكانیان و هەموو گەلی كورد دەكەین و هیوای شیفای بەخێر بۆ بریندارەكان دەخوازین”.

دەشڵێت: “لەم ڕووداوەدا جارێكی تر ڕووی ڕاستەقینەی پەدەكە و هاوبەشییكردنی دەوڵەتی تورك و سیاسەتە هەڵەكانی بۆ خەڵك ئاشكرابوو”.

هەر لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، “هەندێك لە بەرپرسان و میدیاكانی پەدەكە، هەوڵیاندا ئەو ڕووداوە بخەنە ئەستۆی هێزەكانی گەریلامان و ئێمەی پێ تۆمەتبار بكەن، ئەم هەوڵە ترسی ئەوانە لە ناڕەزایەتیی خەڵكی خاوەن ماف لە دژیان، بەڵام گەلەكەمان چونكە ڕاستی بە چاوی خۆی بینیوە و دەزانێت، بڕوا بەم تۆمەتانە ناكات”.

جەختیشی كردۆتەوە، “گەریلاكانی ئازادیی بۆ پاراستنی كەرامەتی گەلی كورد و باشووری كوردستان، قوربانیی گەورە دەدات و بەشێوەیەكی فیداكارانە دژی دووژمن شەڕدەكات، پەدەكە كە هەمیشە ڕەوایەتیی دەدات بە كۆمەڵكوژیی دووژمن لەسەر گەلەكەمان، پێویستە دەست لەم هەڵوێستە هەڵەیەی هەڵگرێت”.

هەپەگە دەشڵێت: “هێزەكانی گەریلا گورزی كوشندە لە سوپای تورك دەدەن، بۆ ئەوەی ڕێگریی لە تێكچوونی مێژوویی دەوڵەتی توركیا بگرن، هەوڵ دەدەن، كە بە دەستی هەندێك هێزی نێو پەدەكە ئاژاوەگێڕیی دروست بكەن و بەم شێوەیە زەمینەی شەڕی ناوخۆی كورد دروست بكەن، پێشتریش لە ڕاگەیاندنەكاندا بڵاوكرابووەوە، كە پەدەكە بۆ ئەوەی ڕەوایەتیی بە بەشدارییكردنی شەڕ لەگەڵ دەوڵەتی توركیا بدات، هەندێك پیلانی چەپەڵ جێبەجێ دەكات”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “لە ٢٤ی ئایاری ٢٠٢٢دا هەندێك هێزی پەدەكە لە هەرێمی گۆشینی سیدەكان بەرەو بارەگاكانی گەریلاكانمان پێشڕەویان كرد، ویستیان شەڕ دروست ببێت و بەم شێوەیە ئاژاوە دروست ببێت، بەڵام بە نزیكایەتیەكی بەرپرسیارانە یەكینەكانمان ئەو ئاژاوەگێڕیانەیان پوچەڵ كردەوە، سوپای داگیركەری توركیا لە ٢٥ی ئایاردا لە هەرێمەكانی ژێر كۆنترۆڵی پەدەكەدا تێپەڕبوون و لە ئاسمان و زەمینەوە هێرشیان كردە سەر گردی هەكاریی هەرێمی مەتینا”.