سەردێر

پیاوێکی بەتەمەن دەستگیرکرا کە وێنەی گەنجێکی بۆ هەڵخەڵەتاندنی کچان و ژنان بەکارهێناوە

خەڵک-

پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، به‌ تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی دوو تاوانی جیا، هێزه‌كانیان دوو كه‌سیان ده‌ستگیركردوه‌ كه‌ یه‌كێكیان وەك گەنجێكی كارمەند لەدەزگایەكی راگەیاندن لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان خۆی بەژنان و كچان ناساندووەو هەڵیخەڵەتاندوون.

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، بنکەی پۆلیسی کوردستان پیاوێکیان دەستگیرکرد کە وێنەی گەنجێکی بەکارھێنابوو بۆ ھەڵخەڵەتاندنی کچان لە فەیسبوک، هەروەها پۆلیسی نەھێشتنی تاوان نوسینگەی رۆژھەڵات ئافرەتێکیان دەستگیر کرد کە لە بازاری لەنگەی شاری ھەولێر دزی لە ٧ھاووڵاتی کردبوو.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، ” ئەو کەسەی وەک بێژەر خۆی ناساندووە ته‌مه‌نێكی گه‌وره‌ی هه‌بووە و دوای لێكۆڵینه‌وه‌ش دانی به‌ تاوانه‌کەیدا ناوه‌ و تاوانه‌كه‌شی له‌ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی وێنه‌ی گه‌نجێكه‌وه‌ كردوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ په‌یوه‌ندی سۆزداری و خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ چه‌ند كچێكدا دروستكردوه، ئێستاش ئه‌و تۆمه‌تباره‌ به‌ مادده‌ی 2ی مۆبایل ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌”.

هۆگر عەزیز ئاماژەی بەوەشکرد، لە چالاکییەکی دیکەدا، ئافره‌تێكیان ده‌ستگیركردوه‌ كه‌ هاووڵاتی هه‌رێمی كوردستان نییه‌، بەڵام لە هەولێر نیشتەجێ بووە، حەوت کەس داوایی یاساییان لەسەر تۆمارکردبوو کە بڕێک پارە و حەوت مۆبایلی دزیوە له‌ بازاڕه‌كانی هه‌ولێر به‌تایبه‌تیش له‌ بازاڕی له‌نگه‌”.

پۆلیسی هەولێر دەشڵێت، ئەو تۆمەتبارە به‌پێی مادده‌ی 446 له‌یاسای سزادانی عێراقی ده‌ستبه‌سه‌رە.