سەردێر

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوا هۆشداری لە هێرشەكانی توركیا دەدات

خەڵك-

بەرپرسێكی بەڕێوەبەرێتی خۆسەر هەڕەشەكانی توركیا لە رۆژئاوای كوردستان بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی بە “جدی” وەسفدەكات و ئاماژە بەوە دەدات، دۆخی مرۆیی لە ناوچەكە تێكدەدات.

شێخموس ئەحمەد، بەرپرسی نوسینگەی‌ كاروباری ئاوارەكان و پەنابەران لە بەڕێوەبەرێتی خۆسەر رایگەیاند، توركیا پابەندی رێكەوتننامەكانی‌ ئاگربڕ نابێت كە لە تشرینی یەكەمی 2019 لەگەڵ لایەنە گەرەنتیكەرەكان مۆریكردووەو “لە ئێستادا پێشێلی ئەو رێكەوتنە دەكات و هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی دەكات، ئەوەش ئەوەندەی‌ تر دۆخی مرۆیی لەناوچەكان خراپتر دەكات.”

شێخموس وتیشی: “هەر ئۆپراسیۆنێكی سەربازی توركیا ئەنجامی بدات، مەترسی جدی لەسەر دانیشتوانی ناوچەكە دروست دەكات و كارەساتی مرۆیی دەنێتەوە.”

ئەوەشی خستەڕوو، ساڵانی رابوردوو، بەهۆی ئەو ئۆپراسیۆنانەی‌ لە عەفرین و سەرێ كانی و گرێ سپی ئەنجامیداون، ملیۆنێك كەس لە شوێنی خۆیان هەڵكەندراون.

شێخموس باسی لەوەكرد، ئۆپراسیۆنەكانی‌ توركیا، بە پلەی‌ یەكەم خزمەت بە پرۆژەكانی گۆڕینی دیمۆگرافی دەكات كە سەرەتای مانگی ئایار رایگەیاند.

رۆژی دووشەممە رەجەب تەییب ئەردۆگان باسی لە نیازی وڵاتەكەی‌ كرد بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی نوێی سەربازی بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی‌ ئەو هێرشانەی‌ هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی توركیا لەسەر سنوری باشورەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان.
سەرچاوە/نۆرس پرێس