سەردێر

خەڵك؛ وردەكاری هەڵوەشاندنەوەی پارەی خۆڵ و خاشاك ئاشكرادەكات

خەڵك-
بەپێی بڕیارێكی دادگای پێداچوونەوە (تەمییز)ی هەرێمی كوردستان گرێبەستی كۆكرنەوەی پارەی خۆڵ و خاشاك لە هاووڵاتیان هەڵوەشایەوە و پارێزەری دۆسیەكە دەڵێت: “بەهەمان پێودانگ كۆكردنەوەی پارەی ئاو و سزای كامێرەی هاتووچۆ نایاساییە”.

پارێزەر جەمال حەمەڕەشید بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەو داوایەی تۆمارمان كردبوو لەسەر شارەوانی دەربارەی باتڵ بوونی گرێبەستی كۆكردنەوەی پارەی خۆڵ و خاشاك لە هاووڵاتیان، كە سپێردرا بوو بە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت، دادگای تەمییزی هەرێم بڕیاری كۆتایی تێدا دا و بردمانەوە، بەپێی بڕیارەكە لەمەودوا هاووڵاتیان دەتوانن پابەندنەبن بە پێدانی پارەی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك.

وتیشی، “بەپێی یاسا (یاسای داهاتی شارەوانیەكان ژمارە 130 ساڵی 1963) كۆكردنەوەی ڕسومات و باجی دەوڵەت ئەركی دەوڵەت خۆیەتی نەك بیدات بە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت”.

ئاشكراشی كرد، هەر بە هەمان پێودانگ لەسەر ئەم بڕیارەی دادگای تەمییز، بە هەمان شێوە كۆكردنەوەی پارەی ئاو لە لایەن كۆمپانیاوە نایاساییە و هاووڵاتیان دەتوانن پابەند نەبن هەتا ئەو كاتەی فەرمانگەی تایبەتمەند دەبێت خۆی هەڵبستێت بە كۆكردنەوەی ئەو پارانە لە هاووڵاتیان.

جەختیشی كردەوە، بە هەمان پێوانە ئەو گرێبەستەشی، كە حكومەت لەگەڵ كۆمپانیا كردویەتی بۆ كۆكردنەوەی پارەی سزای كامێرەی هاتووچۆ بە هەمان شێوە نایاساییە.