سەردێر

بلاسخارت چی بە سەڵاحەدین بەهادین وتووە؟

خەڵك-
ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆبوونەوە و سەڵاحەدین بەهادین ڕایگەیاندووە، ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد زامنی پێشكەوتنی پڕۆسەی سیاسییە لە هەرێمدا و لای خۆشیەوە بلاسخارت وتوویەتی، “بڕیارە لە نزیكەوە لەگەل لایەنە سەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان كۆبێتەوە”.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوار شەممە بەرواری ٢٠٢٢/٥/٢٥ مامۆستا سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق كۆبوونەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو، سەڵاحەدین بەهادین ڕایگەیاندووە، وەكوو یەكگرتوو بە سوپاس و ڕێزەوە لە هەوڵەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڕوانین بەتایبەت، كە لە دوایین ڕاپۆرتی خۆی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و پێشتریش مەترسی و هەڕەشەكانی سەر پڕۆسەی سیاسی هەرێم و عێراقی خستۆتەروو، پڕۆسەی سیاسی عێراق و گەیشتنی بە بنبەست.

سەڵاحەدین بەهادین دۆخی سیاسی عێراقی بە ترسناك لەقەڵەم دا، كە بەپێی تەوقیتاتی دەستوری تا ئێستا نەتوانراوە پرسی سەرۆكایەتی كۆمار و سەرۆكایەتی وەزیران یەكلا بكرێتەوە و وتیشی، “تەنیا بە گفتوگۆی سیاسی و تەوافوقی نیشتیمانی ئەو گرێ ئاڵۆزەی پرۆسەی حوكمڕانی دەكرێتەوە”.

ڕاشیگەیاندووە، هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیانی، بەدەرنین لە كاریگەری نەرێنی قەیرانەكانی حوكمڕانی، ئێمە لە یەكگرتوو پێمان وایە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد زامنی پێشكەوتنی پرۆسەی سیاسییە لە هەرێمدا، ئەوەش پێویستی بە میكانیزمی كردەنی و یاسای هەڵبژاردنی دروست و ئیرادەی سیاسی بەهێز هەیە، بۆیە نەتەوەیەكگرتووەكان دەتوانن ڕۆڵی كارا و كاریگەری ئیجابی بگێڕن. هەڵبژاردنی پاك و بێگەرد، ئومێد دەگەڕێنێتەوە بۆ هاووڵاتیان بەرامبەر بە پڕۆسەی سیاسی هەرێم .

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو جەختیشی كردەوە، دەبێ بەرژەوندی باڵای هاووڵاتیانی كوردستان پێش هەر بەرژەوەندییەكی تری سیاسی بێ ، لەو روانگەیەوە بۆ چارەسەری قەیرانەكان دەبێ ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان سەنگی مەحەك بێ.

لای خۆشیەوە، جینین پلاسخارت جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان گفتوگۆی سیاسی بە چارەسەر دەزانێت بۆ شكاندنی بنبەستی سیاسی و وتیشی، “بڕیارە لە نزیكەوە لەگەل لایەنە سەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان كۆبێتەوە و پێكەوە تاوتوێی چارەسەری پرسە سیاسییەكان بكەین”.

May be an image of 3 people, people sitting, people standing and indoor

May be an image of 5 people, people sitting and people standing