خەڵك-
بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆكایەتیی پەڕلەمانی كوردستان و سەرۆك فراكسیۆنەكان، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دەسپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەڕلەمان كۆببنەوە.
سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ كاتژمێر 2ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 25/5/2022، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆك فراكسیۆنەكان، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دەسپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەڕلەمانی كوردستان كۆ ببنەوە.
وتیشی، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بۆ گفتوگۆكردنە لەبارەی میكانیزمی دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكان و ئەو بابەتانەی كە پێویستە بخرێنە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانەوە.
نزیكەی 90 رۆژە دانیشتنەكانی پەرلەمان پەك خراون لە كاتێكدا ئێستا جگە لە پرسی كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن و یاسای ھەڵبژاردن، زیاتر لە 33 یاداشت و چەندین پرۆژە یاسا لەبەردەم سەرۆكایەتیی پەڕلەماندان.