سەردێر

ئەدهەم بارزانی بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان: ئەو حیزبانەی لەگەڵیان كۆدەبنەوە هەموویان 30%ی دەنگیان هێناوە

خەڵك-
ئەدهەم بارزانی كەسایەتی سیاسیی پەیامێك ئاراستەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات لەبارەی دیدارەكەی سبەینێی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم.

ئەدهەم بارزانی كەسایەتی سیاسیی لە پەیامەكەیدا دەڵێت “بەڕێز /جنین بلاسخارت، نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لەعێراق وەك ئاگادارن عێراق و هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی سەخت و دژواردا تێدەپەڕێت، ئاڵۆزی و گرفتەكان بەجۆرێكن، تەنانەت هەڵبژاردنەكانیش ناتوانن دۆخەكە ئارام بكەنەوە، دیارە ئەركی ئێوەش قورسەو پێویستە لەهۆكاری نائومێد بوونی خەڵك بەرامبەر پڕۆسەی هەڵبژاردن بكۆڵنەوە.

دەشڵێت: ئێوە داواتان كردوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێم دانیشتن بكەن، بەڵام ئەوان بەهەموویانەوە لەهەڵبژاردنی پێشوو، نزیكەی لەسەدا سی جەماوەر دەنگی پێدان و بەشداری هەڵبژادنیان كرد، بۆیە گرنگە ئێستا ڕوو لەو خەڵك و جەماوەرە فراوانەكە بێت كە نزیكەی حەفتا لە سەد بەشدارنەبونە لە ھەڵبژاردن، تا لەهۆكاری ئەم نائومێدیە بەپرۆسەی هەڵبژاردن ئاشناتان بكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئاشكرایە ئەو لایەنانەی ئێوە بڕیارە لەگەڵیان دانیشن، لەوانەیە ھندێك لە ئەوانە هۆكاری نائومێدیەكەبن، بۆیە دانیشتنەكەتان بەم شێوەیە خزمەت بەپرۆسەكە و دیموكراتیزەكردنی كۆمەڵگا ناكات.