سەردێر

لێكۆڵینەوە لە “خراپی و مەترسییەكانی” ئاردی سفری ناوبازاڕ دەكرێت

خەڵك-
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی خراپی و مەترسییەكانی ئاردی سفری ناو بازاڕ، كە دەوترێت “چەند ماددەیەكی مەترسیداری تێدایە” ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەست بە لێكۆڵینەوە و پشكنین بۆ ئەو جۆرانەی ئاردی ناو بازاڕ دەكات و كۆبوونەوەیەكی تایبەت ئەنجام دەدات.

كاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لەسەر دەنگۆی خراپی و مەترسییەكانی ئەو ئاردانەی، كە لەبازاڕ كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرێت ماوەیەكی زۆرە بەدواداچوونمان دەست پێ كردوە لەڕێگای سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگا و لیژنەكەمان نوسراومان ئاڕاستەی ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە.

وتیشی، “لەئێستاشدا نووسراومان ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی سلێمانی كردوە تاوەكو لەڕێگای كۆنتڕۆڵی جۆری پیشەسازی پشكنینی بۆ بكرێت و لیژنەكەمان لەئەنجامەكەی ئاگادار بكرێتەوە لەپێناو سەلامەتی هاووڵاتیا”.

هاوكات، بە پێی نووسراوێكی سەرۆكی ئەنجوومەنی پاریزگای سلێمانی، سبەینێ چوار شەممە، ئەنجومەنی پاریزگا لەبارەی ئەو ئاردانەی، كە لە بازاڕدا دەفرۆشرێت و بە “مەترسیدار” ناودەبرێت، كۆدەبێتەوە و بانگهێشتی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی و بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی و بەڕێوەبەری دانەوێڵەی سلێمانی دەكرێت.

پێشتر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، تۆمارێكی ڤیدیۆیی بڵاوبووەوە و باسی لە مەترسیداری ئەو ئاردانە دەكرد، كە لە دەرەوە هاوردە دەكرێن.