سەردێر

نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەریتانیا لەسەر دیپۆرتی پەنابەران هاتەدەنگ

خەڵك-
نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا ڕایدەگەیەنێت، كە هیچ جۆرە ڕێككەوتنێكی لەگەڵ بەریتانیا نییە بۆ ناردنەوەی زۆرەملێ و لەسەردانەكەی سەرۆكی حكومەت باسی ئەو پرسە نەكراوە و دەشڵێت: “لەسەر ئاستی نەهێشتنی تاوانی ڕێكخراو و بەدواداچوونی تاوانباران و بازرگانانی مرۆڤ هەماهەنگی كراوە”.

نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا ڕوونكردنەوەیەك سەبارەت بە پرسی بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران (دیپۆرت) لەلایەن بەریتانیاوە و دەنگۆی “بوونی ڕێككەوتنی هەرێم و بەریتانیا بۆ ناردنەوەی پەنابەران” بڵاودەكاتەوە.

نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا لە ڕوونكردنەوەكەدا ئاماژەی بەوەكردووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ جۆرە ڕێككەوتنێكی لەگەل بەریتانیا نییە بۆ ناردنەوەی زۆرەملێ و هاوكات بەڕوونی دەیڵێین، كە لە سەردانی فەرمی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و كۆبوونەوە لەگەل وەزیری ناوخۆ بەهیچ شێوەیەك پرسی ناردنەوەی زۆرەملێ باس نەكراوە و هیچ ڕێككەوتنێكیش لەو بارەیەوە نەكراوە.

دەقی ڕوونكردنەوەكە:

ڕونكردنەوەیەكی پێویست لە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا
دیارە ژمارەیەك هاونیشتمانیانی كورد لە بەریتانیا و میدیاكان پەیوەندی دەكەن لەسەر پرسی ناردنەوەی بەزۆری هاووڵاتیانی كورد و ڕێككەوتنی حكومەتی هەرێم و بەریتانیا لەو بارەیەوە.
نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا بە پێویستی دەزانین ڕای بگەیەنین كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ جۆرە ڕێكەوتنێكی لەگەل بەریتانیا نییە بۆ ناردنەوەی زۆرەملێ و هاوكات بەڕوونی دەیڵێین كە لە سەردانی فەرمی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و كۆبونەوە لەگەل وەزیری ناوخۆ بەهیچ شێوەیەك پرسی ناردنەوەی زۆرەملێ باس نەكراوە و هیج ڕێككەوتنێكیش لەو بارەیەوە نەكراوە. هەرێمی كوردستان و شانشینی یەكگرتوو لەسەر ئاستی نەهێشتنی تاوانی ڕێكخراوو و بەدواداچوونی تاوانباران و بازرگانانی مرۆڤ هەماهەنگن و هاوكاری یەكتر دەكەن.
پەیوەندیە دولایەنەكانی شانشینی یەكگرتوو لەگەڵ هەرێمی كوردستان قوڵ و دۆستانەن و لەسەر بنەمای هاوبەشی و بەرژەوەندی دولایەنەیە، ئەو پرسەی كە هەندێك كەس و لایەن دەیانەوێت چەواشەكاری و هەستی هاووڵاتیانی پێ بجوڵێنن و بۆ‌ بەرژەوەندی كورتخایەنی خۆیان بەكاری بهێنن ڕەت دەكەینەوە و ئەولەویاتەكانی پەیوەندی دوولایەنە بەهیچ شێوەیەك پرسی ناردنەوەی بەزۆر نییە.
نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان
لەندەن