سەردێر

دابەشكردنی ئارد بەسەر هاووڵاتیاندا دەستی پێكرد

خەڵك-
بڕی زیاتر لە 4 ملیۆن فەردە ئارد بۆ چوارەم بەشی ئەمساڵ بەسەر بریكارەكانی خۆراك لە عێراق دابەش كراوە و داوا لە هاووڵاتیان دەكرێت بەشەئاردی خۆیان وەربگرن، هاوكات لە هەرێمی كوردستان دەست بە دابەشكردنی یەكەم بەشەئارد دەكرێت.

وەزارەتی بازرگانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، پێویستە هاووڵاتیان سەردانی بریكارەكانی ئارد بكەن بۆ وەرگرتنی بەشەئاردی ئەم مانگە، چونكە زیاتر لە 4 ملیۆن فەردە ئارد دابەش كراوە.

لای خۆشیەوە، ئەسیر داود، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای گشتی دروستكراوی دانەوێڵە لە عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، پڕۆسەی بەرهەمهێنان و دابەشكردنی ئارد بەردەوامە بە كوالێتی زۆر باش و تا ئێستا زیاتر لە 4 ملیۆن فەردە دابەشكراوە لەچوارچێوەی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان و دابەشكردنیش بەردەوامە.

ئاماژەی بەوەكردووە، بڕی پێویست لە دانەوێڵە لە كۆگاكان هەیە و هەماهەنگی تەواویان لەگەڵ كۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵە هەیە بۆ گواستنەوەی بڕی پێویستی گەنم بۆ پارێزگاكان بۆ كردنی بە ئارد و دابەشكردنی بەشەئاردی مانگانە.

لای خۆشیەوە، نەوزاد شیخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا ئاردی مانگانە دابەشنەکراوە، ئەمەش بۆتە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی ئارد لە بازاڕەکاندا، بەڵام لە ئێستادا عێراق گەنم ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات.
ڕاشیگەیاند، لە عێراق سێ بەشە ئارد دابەشکراوە، بەڵام هێشتا لە هەرێمی کوردستان تەنها یەک بەشە ئاردیش بە تەواوی دابەشنەکراوە، ئەمەش بەهۆی نەمانی گەنم لە هەرێمی کوردستان و کەمبوونەوەی گەنم لە عێراق، کە بەهۆیەوە دەستیکردووە بە هاوردەکردنی ئاردی ئوستڕاڵی.

هاوكات، وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، لەڕۆژی شەممەوە ٢٠٢٢/٥/٢١ بەشێکی تر لە گەنمی نان لەسایلۆی ھەولێر نێردرا بۆ ئاشەکان تا بکرێت بە بەشە ئاردی مانگانەی ھاووڵاتیان و لە دوو ڕۆژی داهاتووش ئاردەکە دابەش دەکرێت بەسەر بریکارەکاندا.