سەردێر

خۆپیشاندانی فەرمانبەران لە هەولێر دەستپێدەكاتەوە

خەڵك-
دەستەی نوینەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست لە كوردستان ڕایدەگەیەنێت، سبەینێ‌ لە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران لە هەولێر خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن بۆ بەهەمیشەیی كردنیان.

‎ دەستەی نوینەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست لە كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەیان بەوەكردووە، ‎وەك دەزانن لەماوەی ڕابردوو كار كرا بۆ دروستكردنی فۆڕمێك بۆ كۆكردنەوەی زانیاری سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست لەهەموو وەزارەتەكان و ئێستا تەواو بووە و بڕیاروایە لە ڕۆژانی داهاتوودا ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران بكرێت.

ڕاشیگەیاندووە، ‎بۆیە پیمان وایە دەبێ فشار لەسەر ئەنجوومەنی وەزیران دروست بكەین تا لە ڕۆژانی داهاتوودا لەنزیكترین كاتدا ئەو پڕۆژەیە بخرێتە بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران و چیتر ئێمە لە چاوەڕانیدا نەهێڵنەوە.

ئاشكراشی كردووە، بڕیارمان داوە بە گردبوونەوەیەكی هێمنانە لە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران لە شەقامی 60 مەتری كاتژمێر 10ی بەیانی ڕۆژی چوار شەممە 25ی ئایار.

دەستەی نوینەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست لە كوردستان داوا لە سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست دەكات، “تكایە لەپێناو خۆتدا بەشداربە ئەگەر بۆیەكجاریش بووە”.