سەردێر

كۆبونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی و فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان دواخرا

خەڵك
كۆبونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی و فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان بەهۆی كۆچی دوایی باپیری سەرۆكی پەرلەمان دواخرا.

هەفتەی پێشوو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كۆبووە و بڕیار درا ئەمڕۆ سێشەممە كۆبونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆكایەتی فراكسیۆنەكان بەڕێوە بچێت، بەڵام بۆ سبەینێ‌ چوارشەممە دواخرا.

سەبارەت بە هۆكاری دواخستنی كۆبوونوەكە سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەهۆی كۆچی دوایی باپیری سەرۆكی پەڕلەمان كۆبوونەوەی ئەمڕۆی دەستەی سەرۆكایەتی و فراكسیۆنەكانی پەڕلەمان بۆ سبەینێ‌ چوار شەممە كاتژمێر دوو دواخرا.

بەپێی زانیارییەكان بڕیار بوو لە كۆبوونەوەكەی پەڕلەمانی كوردستاندا گفتوگۆ لەبارەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و پرسەكانی دیكەی پەیوەست بە هەڵبژاردن بكرێت.

لە لایەكی دیكەوە، جێگری سەرۆكی پەرلەمان، دۆخی كوردستان بە مەترسیدار ناودەبات و بە پێویستی دەزانێت پەرلەمانی كوردستان ڕووبەڕووی مەترسییەكان ببێتەوە.

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەوە ڕایگەیاند، پێویستی بە گفتوگۆی ورد و كراوە هەیە و یەكێك لەو هەموارانەی پێویستە بكرێن، مەرجەكانی ئەندامبوونە لە پەرلەمان بەپێی پسپۆڕی و پێویستیی لیژنەكان.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا هێمن هەورامی ئەمڕۆ سێشەممە وتی، ئەگەر هەموو لایەنەكان پێداگیربن لەسەر بەدیهێنانی تەواوی خواستەكانیان لە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردندا، ئەوا ناگەین بە ئەنجام و یاساكە هەموارناكرێتەوە.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، دۆخەكەی بە مەترسیدار ناوبرد و وتی، “هەڕەشەكان لەسەر هەرێمی كوردستان زیادیانكردووە، پێویستە پەرلەمانی كوردستان ڕۆڵی هەبێت و ئەركی یاسایی و سیاسیی خۆی ڕابپەڕێنێت و هاوكاری لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی كوردستان بێت لە ڕەواندنەوەی بەشێك لەو مەترسییانەدا”.