سەردێر

روونکردنەوەیەک لە سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی هەولێرەوە لە بارەی دورخستنەوەی لە پۆستەکەی

خەڵک-

سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی هەولێر روونکردنەوەیەکی لە بارەی دوورخستنەوەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بڕیاری گۆڕانکاریەکەی سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچه‌ی هەولێر کە لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری ئەنجام دراوە نایاساییە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، دادوەر ئیبراهیم ئیسماعیل ئەحمەد، سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی هەولێر، رونکردنەوەیەکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت:” لەبەرئەوەی ئێمە دادوەرین وە لە دادگا کاردەکەین پێویستە ڕێکارە کارگێڕیەکان یاسایی بن، بە پێچەوانەوە بڕیاری گۆڕانکاریەکەی سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچه‌ی هەولێر کە لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری ئەنجام دراوە نایاساییە کە دەبێتە هۆی دروست کردنی خاڵێکی ڕەش لەسەر سەروەری یاسا و پڕۆسەی دادوەری”.

ئەو دادوەرە دەشڵێت:” من بە مافی یاسایی خۆمم زانی کە تانە لەم بڕیارە بدەم لە چەند دەزگایەکی یاسایی پەیوەنیدار بە بابەتەکە، بێگومان ئەمەش مافێکی یاسایی خۆمە، سەرەڕای ئەوەی هەمو ڕاستییەکانی پشت کردارە نایاساییەکانی سەرۆکی ئەنومەنی دادوەری کە خۆی بەمنی گوتووە کە چۆن کراوە لە نزیکترین کاتدا بۆ ڕایگشتی ڕون دەکەمەوە و من ئامادەم بۆ هەر گۆڕانکاریەک کە بەڕێگای دروست و یاسایی ئەنجام بدرێت”.

ئاماژەی بەوەشکردووە،” بابەتی هاتنی هێزێکی پۆلیس بۆ نێو دادگا بۆ ڕێگریکردن لە گۆڕانکارییەکە، ئەمە هیچ بنەمایه‌کی نییە و دوورە لە ڕاستی، بەڵکو ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەمڕۆ شاندێکی بیانی سەردانی دادگایان کردوه‌ ماوەیەک لە لامان ماونەتەوە و چەند دیدار و گفتوگۆیه‌كمان ئه‌نجامداوه‌ وه‌ ئه‌م پۆلیسانه‌ بۆ پاراستنی ئه‌م شانده‌ له‌وێ بوون”‌.

بڕیاری گۆڕینی سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر دوای ئەوەی دێت، بەڕێوەبەرایەتی کاروباری دادوەران لەئەنجومەنی داوەری هەرێمی کوردستان بە لابردنی “برایم ئیسماعیل” وەک سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر، دانانی “دادوەر ئومێد موحسین” بەسەرۆکی نوێی دادگای تێهەڵچوونەوە، کە پێشتر وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەری بووە.





هەلبژاردە

گرنگترینەکان