سەردێر

وەزارەتێك هەلی گواستنەوەی ڕاژە ڕادەگەیەنێت

خەڵك-
وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای دامەزراندنی كارمەند بە گرێبەست لە ئەنجوومەنی وەزیران و گواستنەوەی ڕاژەی فەرمانبەران لە فەرمانگەكانەوە دەكات.

ئازاد رۆستەم، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگە دادییەكانی سەر بە وەزارەتی داد، بە ماڵپەری وەزارەتی دادی ڕایگەیاندووە، ‎بۆ باشتر بەڕێوەچوونی كارەكانی بەڕێوبەرایەتی جێبەجێكردنی دووی هەولێر، پێویستمان بەژمارەیەك فەرمانبەر هەیە.

ڕاشیگەیاندووە، بۆ ئەم مەبەستە داوامان لە ئەنجوومەنی وەزیران كردووە، ژمارەیەك فەرمانبەرمان بۆ دامەزرێنن بەشێوەی گرێبەست.

ئاشكراشی كردووە، گشتاندنێكمان كردووە لەڕێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە داوامان لە هەموو وەزارەتەكان كردووە هەر فەرمانبەرێك لەپسپۆڕییەكانی (یاسا، ژمێریاری، ئایتی، كۆمپیوتەر، كارگێڕی) بیەوێت بگوازرێتەوە بۆ سەر میلاكی وەزارەتی داد (بەڕێوەبەرایەتی گشتی فەرمانگە دادییەكان – جێبەجێكردنی دووی هەولێر دەتوانن لەڕێگەی فەرمانگەكانیانەوە داوای گواستنەوە بكەن و ئێمەش ئاسانكاری تەواویان بۆ دەكەین.