سەردێر

زانیاری نوێ‌ لەسەر شەپۆلی خۆڵبارین بڵاودەكرێتەوە

خەڵك-
جارێكی دیكە شەپۆلی خۆڵبارین ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دەگرێتەوە و داوا لە هاووڵاتیان دەكرێت بۆ كاری زۆر پێویست نەبێت لەماڵ نەیەنەدەر و دەمامك ببەستن.

محەمەد كەمال، شارزای كەشناسی بۆ (خەڵك) وتی، “بەهۆی چالاكبـونی بای باشوری خۆرئاوا بەڕێژەی 45 بۆ 50 كم لە كاتژمێرێكدا پێشبینی دەكەین سبەی دوو شەممە بەزۆریش كاتەكانی دوانیوەڕۆ شەپۆلێكی چڕی خۆڵبارین سەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق بگرێتەوه و ئاستی بینین بەڕێژەیەكی زۆر كەم بكاتەوه”.

ڕاشیگەیاند، كاریگەری خۆڵبارینەكە لەسەرجەم ناوچەكانی كوردستان دەردەكەوێت، بەڵام هێزی خۆڵەكە لەشوێنێك تا شوێنیكی تر جیاواز دەبێت، بەنمونە پارێزگای دهۆك ئاستی خۆڵبارین لاواز دەبێت لەگەڵ ناوچە شاخاوییەكانی سنوری پارێزگای هەولێر، بەڵام ناوچەكانی تر بەتایبەتیش گەرمیان وكەركوك و سلێمانی و هەڵەبجه و هەولێر كاریگەری خۆڵبارین چڕ دەبێت.

وتیشی، “خۆڵبارین لەشەوی سێ شەممە تاڕادەیەك لاواز دەبێت، بەڵام كاریگەری دەمێنێتەوه و لەبەرەبەیانی پێنج شەممە 26ی5ی2022 بەیەكجاری كۆتایی پێدێت”.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەناوچە شاخاویەكان سبەینێ‌ ئەگەری نمەبارانێكی كەم هەیە و پلەكانی گەرماش 5 پله نزم دەبنەوە.

ئەو شارەزایەی كەشناسی ڕێنمایی هاووڵاتیان دەكات، لەئێوارەی سبەی دوو شەممەوه تا ڕۆژی سێ شەممە لەماڵەكانتان بمێننەوه باشتره بەتایبەتیش ئەو كەسانەی حاڵەتی تەنگەنەفسی و ڕەبوەیان هەیە یان ‌ئەو كەسانەی سینگ ئیشەیان هەیە زۆر گرنگە لەماڵەكانتان بمێننەوه لەپێناو سەلامەتیتان ئەگەریش پێویستە بڕۆیتە دەرەوه لەبیرت نەچێت ماسك ببەستە.