سەردێر

یەكەم وڵات بەهۆی ئاوڵەی مەیمونەوە بڕیاری كەرەنتینەی دا

خەڵك-
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی مەیمون (ئاوڵەی مەیمون) لەناو بەشێكی هاووڵاتیاندا، دەسەڵاتدارانی تەندروستی بەلجیكا بڕیاریاندا هەر كەسێك نیشانەكانی نەخۆشییەكەی لێ‌ دەربكەوێت كەرەنتینەی بكەن بۆ ماوەی 21 ڕۆژ.

بەپێی هەواڵێكی ڕۆژنامەی (دەیلی مەیل)ی بەریتانی، وەزارەتی تەندروستی بەلجیكا بڕیاریداوە لەسەر كەرەنتینەی زۆرەملێی ئەو كەسانەی نیشانەكانی ڤایرۆسی (ئاوڵەی مەیمون)یان لەسەر دەردەكەوێت و هەر تووشبوویەك ئەنجامی پشكنینەكەی بە ئەرێنی دەربچێت 21 ڕۆژ كەرەنتین بكرێت.

ڕۆژنامەكە ئاشكراشی كردووە، كە تا ئێستا لە 14 وڵات نەخۆشییەكە بڵاوبۆتەوە و پزیشكانیش هۆشداری زیادبوونی حاڵەتەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیمون دەدەن لە بەریتانیا.

ڕوونیشی كردۆتەوە، بەلجیكا دەبێتە یەكەم وڵات بۆ جێبەجێ‌ كردنی كەرەنتینەی زۆرەملێ‌ دژی ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیمون.

بەپێی ڕاپۆرتە پزیشكییەكان، لە بەلجیكا ئەو كەسانەی تووشی ڤایرۆسەكە بوون ڕاستەوخۆ خۆیان بۆ 3 هەفتە كەرەنتین كردووە و تا ئێستا ژمارەی ئەو كەسانە گەیشتۆتە 3 تووشبوو.