سەردێر

پارێزگاری سلێمانی بڕیار لەسەر پشووی سبەینێ‌ دەدات

خەڵك –
دوای ئەوەی هۆشداری لە شەپۆلێكی توندی خۆڵبارین درا، كە سبەینێ‌ زۆرێك لە ناوچەكانی عیراق دەگرێتەوە و بەوهۆیەوە كرا بە پشوو، پارێزگاری سلێمانی دەڵێت: “بۆ ڕاگەیاندنی پشووی سبەی چاوەڕێی ڕاپۆرتی كەشناسی و تەندروستی دەكەین”.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، هێشتا هیچ بڕیارێك نیە بۆ قسە كردن لەسەر پشووی سبەینێ‌ و چاوەڕێی ڕاپۆرتی كەشناسی و تەندروستی دەكەین، بەڵام تا ئێستا بەهیچ جۆرێك داوامان لێ نەكراوە بە ڕاگرتنی دەوام.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، بەهۆی ئەو شەپۆلی خۆڵبارینەی سبەینێ ڕوو لە وڵات دەكات و بەهۆی خراپبوونی كەشوهەواوە دەوامی فەرمی لەسەرجەم دام و دەزگاكاندا بۆ سبەینێ دوو شەممە ڕادەگیرێت و دەكرێتە پشووی فەرمی.

كەشناسی عیراق بڵاویكردەوە، شەپۆلێكی خۆڵبارین ڕوو لە زۆربەی پارێزگاكانی عێراق و هەرێم دەكات، پێشبینیش دەكەن پلەكانی گەرما ٤ بۆ ٥ پلە داببەزێت، خۆڵبارینەكە لە ڕۆژی دوو شەممەدا چڕتر دەبێتەوە.