سەردێر

“كۆنتڕۆڵی وتارەكانی مامۆستایانی ئاینی دەكرێت، بۆیە ناتوانن دەنگ و مافی خەڵك بگەیەنن”

خەڵك-
تادێت دۆخی هاووڵاتیان لەژیان سەختر دەبێت و حكومەتیش باج و ڕسوومات هەروەك پێشتر وەردەگرێت كەبەهۆیەوە نرخی كەل و پەل زۆر بەرزبووەتەوە، لەبارەی نەبوونی هەڵوێستیش لەلایەن مامۆستایانی ئایینی، ئەندامێكی لیژنەی ئەقاف و كارووباری ئایینی ڕایدەگەیەنێت، ئێستا كۆنتڕۆڵی تەواو لەسەر مامۆستایانی ئایینی و ووتارەكان هەیە، بۆیە مامۆستایان ناتوانن دەنگ و ومافی ڕەوای خەڵك وەك پێویست بگەیەنن.


عوسمان كانی كوردەیی، ئەندامی لیژنەی ئەوقاف و كارووباری ئایینی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، مامۆستایانی ئایینی پابەندن بەڕێنماییەكانی وەزارەتی ئەوقاف ناتوانن لە ڕێنماییەكان لابدەن، لەبەر ئەوە دەبینی ووتاری هەفتانە لەلایەن لیژنەیەك دیاری دەكرێت كە خۆی لەدوو تا سێ ناوونیشانی ووتار دەبینێتەوە و مامۆستایانیش پابەندن پێوەی.

دەشڵێت، مامۆستایان جگە لەفشاری وەزارەتی ئەوقاف، فشاری ناو مزگەوت و ئامادەبووان و نوێژخوێنانی مزگەوتیان لەسەرە، ئەگەر مامۆستایان سەربەخۆش بن ناتوانن ئەو داوایەی شەقام و هاوڵاتیان هەیانە لەمینبەرەكان بڵاوبكەنەوە، ئەگەر هەڵوێستیشیان هەبێت ڕەنگە ناڕاستەوخۆ و نەرم بێت.

ئەوەش دەخاتەڕوو، پێشتر ئێمە لەپێشەنگی هەڵوێستەكان بووین لەگەڵ مامۆستایان، بەڵام ئێستا كۆنتڕۆڵی تەواو لەسەر مامۆستایانی ئاینی و ووتارەكان هەیە، بۆیە مامۆستایان ناتوانن دەنگ و ومافی ڕەوای خەڵك وەك پێویست بگەیەنن.

باسی لەوەشكرد، هەموو هاووڵاتییەك بەهۆی ئەوەی هەریەكێك كاریگەری لایەنێكی بەسەرەوەیە پشكمان هەیە لەگۆڕانكاریەكان چ وەك چاكسازی یان گۆڕانكاری تر، چونكە ئەوەی هەیە خەڵك هەڵبژاردەی خۆیانە.