سەردێر

یەكێتی داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات بانگهێشتی كونسوڵی توركیا بكات

خەڵك-
ئەمڕۆ توركیا بۆردوومانی سنووری ئاغجەلەری كرد، لەوبارەیەوە مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕاگەیانراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا داوای ڕاگرتنی ئەو هێرشانە لە حكومەتی عێراق دەكات، داواش لە حكومەتی هەرێم دەكات بانگهێشتی كونسوڵی توركیا بكات.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕاگەیانراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە، بەنیگەرانییەكی قووڵەوە لەو پێشھاتە ئەمنی و سنووربەزاندنە دەڕوانین و ئیدانەی بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیا بۆ سنووری ناحیەی ئاغجەلەری سەر بە قەزای چەمچەماڵ و كەمپی ئاوارەكانی مەخموور دەكەین كە شەهیدبوونی چوار هاووڵاتیی مەدەنی و هەشت برینداری لێكەوتەوە.

‏‎لە ڕاگەیانراوەكەدا ئەوەش هاتووە، وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشیمان بۆ كەسوكار و خانەوادە بەڕێزەكەیان، دەستبەجێ داوای راگرتنی ئەم ھێرشانە دەكەین و داوا لە حكومەتی عێراق دەكەین كە ئەركی دەستووریی و نیشتمانیی خۆی لە پاراستنی خاك و ئاسمانی عێراق بە كوردستانیشەوە رابپەڕێنێت و لە رێگەی كەناڵە دیبلۆماسییەكانەوە حكومەتی توركیا لەم پێشێلكارییە ئاگاداربكاتەوە.

‏‎مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە ڕاگەیانراوەكەدا دەڵێت، حكومەتی ھەرێمیش لەسەر ئەم رووداوە بانگهێشتی كونسوڵی توركیا لە ھەرێم بكات و روونكردنەوە بدرێت. چونكە ھیچ بیانوویەك نییە بەھۆی سنووربەزاندنەوە خەڵكی مەدەنی لە رووی گیانیی و مادییەوە زەرەرمەندبن. خوێنی ھاووڵاتییانمان پیرۆزە و داوادەكەین پیرۆزییەكانمان بپارێزرێت و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن بكرێتە كلیلی چارەسەری كێشەكان.

‏‎ بەیانی ئەمڕۆ شەممە دو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، گوندی توتەقەڵی سەر بە ناحیەی ئاغجەلەریان لەسنوری قەزای چەمچەماڵ بۆردومانكرد، بەو هۆیەوە چوار كەس گیانیان لە دەستدا و هەشت كەسی دیكەش بریندار بوون.





هەلبژاردە

گرنگترینەکان