سەردێر

بەغدا.. یەكەم حاڵەتی مردن بە تای خوێنبەربون تۆمار كرا

خەڵك-
ئەمڕۆ شەممە لە بەغدا كەسێك بەهۆی تای خوێنبەربون گیانی لەدەستدا، چوار كەسی دیكەش تووشی پەتاكە بوون.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ لە بەغدا چوار كەسی دیكە توشی تای خوێنبەربون بون و كەسێكیش بەهۆی نەخۆشییەكە گیانی لەدەستداوە.

باس لە ئەوەشكراوە، لە پارێزگای زیقاریش چوار كەس توشی تای خوێنبەربون بون و كۆی ژمارەی توشبوان لە پارێزگاكەدا بۆ 40 بەرزبوەوە، لەو ژمارەیەش 8 كەسیان مردون، هەروەها 20 كەسیش چاك بونەتەوە.

تای خوێنبەربون، پەتایەكی ڤایرۆسییە، بەهۆی تێكەڵاوبون و لەڕێی ئاژەڵ و مێش و مەگەزەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، هەروەها لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە.

بەپێی وەزارەتی تەدروستیی و رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، نیشانەكانی تای خوێنبەربون بریتین لە دڵ تێكهەڵاتن و رشانەوە، لەگەڵ ئازاری جومگەكان، سكچون، تا، هیلاكی و لاوازی، هەروەها چەند نیشانەیەكی نەخۆشییەكە دەریدەخات كە مەترسی لەسەر ژیانی توشبوەكە هەیە، لەوانە خوێنبەربونی ژێر پێست، دروستبونی كێشە لە دەماغ، بێهۆشبون، لەكاركەوتنی گورچیلە، دروستبونی كێشەی هەناسەدان و لەكاركەوتنی جگەر.