سەردێر

هۆشداری لە ناردنەوەی زۆرەملێی پەنابەران لە بەریتانیا دەدرێت

خەڵك-
دەزگای لوتكە سەبارەت بە پرسی ناردنەوەی زۆرەملێی پەنابەران هۆشداری دەداتە وڵاتانی بەریتانیا و عێراق و ڕایدەگەیەنێت، جارێكی دیكە قەیران بۆ كۆی پڕۆسەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان زیاد دەكات.

دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەداخەوە لە هەلومەرجێكدا كە چەندین قەیرانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی بەرۆكی ئەم هەرێمەی گرتووە، پرسی بە زۆر ناردنەوەی پەنابەرانی عیراقی جارێكی دیكە قەیران بۆ كۆی پڕۆسەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان زیاد دەكات.

دەشڵێت: “دەزگای لوتكە لە هەوڵی جددی و بەردەوامدا دەبێت بۆ ڕاگرتنی دیپۆرتی زۆرەملێی پەنابەرانی كورد لە بەریتانیاوە و بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم ڕێگا مەدەنییەكان دەگرینە بەر و لەگەڵ ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكان، دەست لەناو دەست فشار دروست دەكەین لەسەر نوێنەرایەتیی وڵاتی بەریتانیا لە عیراق و ڕێگەنادەین بەو شێوە ڕوونە پێشێلی مافەكانی مرۆڤ بكرێت”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ڕوودەكەینە حكومەتی عیراق و بە فەرمی داوا دەكەین ڕێگا نەدرێت ئاسمانی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی دیپۆرتی زۆرەملێ بەكاربهێنرێت.