سەردێر

كێشانی جۆرە ماددەیەكی گیراوە لەناو خوێندنگەكان بڵاودەبێتەوە

خەڵك-

هۆشداری لە بڵاوبوونەوە و بەكارهێنانی جۆرە ماددەیەكی گیراوە لەڕێگەی سرنجەوە لەناو خوێندكاران لە خوێندنگەكان دەدرێت و مامۆستایەك دەڵێت: ” ئەگەر فریای پەروەروە کردنی مناڵەکانمان نەکەوین بەڕاستی یەک دوو ساڵێکی دیکە گۆمەڵگەکەمان بەرەو داڕمان دەچێت”.

مامۆستا ئیسماعیل سەعدی لە پەیامێكدا، كە پەیجی دەنگی مامۆستایان لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە ئاماژەی بەوەكردووە، “لەئێستادا دیاردەیەک پەیدا بووە لەنێو قوتابیاندا بەتایبەتیش قوتابیانی قۆناغی بنەڕەتی ئەویش کێشانی جۆرە مادەیەکە وەک تامی نێرگەلە وایە، بەڵام ئەم ماددەیە بەشێوەی گیراوەیە و ئەو کەسانەی بەکاری دەهێنن لەڕێگەی سرنجەوە بەکاری دەهێنن”.

دەشڵێت: “ئەوەی لەوێنەکەدا دیارە ئەوە ئەو مادەیەیە و لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا لەیەکێک لەقوتابخانەکاندا بەقوتابی گیراوە و دایک و باوکیشی ئاگادار کراونەتەوە و ئەوانیش پاساویان ئەوە بووە، کە منداڵەکەیان هاوڕێیەتی منداڵی خراپ دەکات”.

ڕوونیشی كردۆتەوە، هەرچەندە ئەگەر بەشێکی ئەو پاساوە هاوڕێی خراپ بێت، بێگومان بەشەکەی دیکەی بریتیە لە حکومەت و دام و دەزگاکانی تایبەت بە قەدەغەکردنی ئەو ماددانە و لێپرسینەوەی توند لەکەسانی گوماناوی.

ئەو مامۆستایە هۆشداری داوە، “ئەگەر فریای پەروەروە کردنی مناڵەکانماندا نەکەوین بەڕاستی یەک دوو ساڵێکی دیکە گۆمەڵگەکەمان بەرەو داڕمان دەچێت”.

ڕاشیگەیاندووە، زۆر جاریش دەڵێین پەروەردە کردنی منداڵ و نەوجەوانان لە ئەستۆی قوتابخانە و دایک و باوکە، ڕەنگە ئەم قسەیە ڕاست بێت، بەڵام ئەو پڕۆسەیە بەتەنها نەوەستاوەتە سەر ئەو دوو لایەنە، بەڵکو پێویستە دەوڵەت و لایەن پەیوەندیدارەکانیش بەجدی بێنە سەر خەت و ڕێگا چارەی گونجاو دابنێن، چونکە دواجار تەواوی کۆمەڵگە و حکومەتیش دەکەونە مەترسیەوە.

بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە (خەڵك) ویستی لێدوان و ڕای بەرپرسانی پەروەردە وەربگرێت و بۆ ئەوەش پەیوەندی كرد، بە مامۆستا دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، بەڵام پەیوەندییەكان بەردەست نەبوون.