سەردێر

باڵیۆزی فەڕەنسا قەیماغ دەخوات و بەشداریی لە پاككردنەوەی زۆنگەكاندا دەكات

خەڵك-
ئیریك شۆڤالێ‌ باڵیۆزی فەرەنسا لە عیراق، دەگاتە زۆنگەكانی جبایش و بە بەلەمێك بەشداریی لە هەڵمەتی پاككردنەوەی زۆنگەكاندا دەكات.

ئەركی ئەم پرۆژەیە لەلایەن باڵیۆزخانەی فەرەنساوە لەئەستۆگیراوە، بەهیوای فراوانكردنی لە داهاتوودا.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، چالاكوانێك لەسەر تۆڕە كۆمەلایەتییەكان، دیمەنێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردۆتووە كە باڵیۆزی فەرەنسا دەردەكەوێت، كاتێك قەیماغی عیراقی دەخوات.

شۆڤالێ‌ لە پەیامێكیدا داوای لە هەمو عیراقییەكان كرد، سەردانی زۆنگەكان بكەن و چێژی خواردنە بەتامەكەی بكەن، ناوچەكەشی بە میراتێكی كلتوری و شارستانی مێژوویی لەقەڵەمدا.

باڵیۆزی فەرەنسا نیگەرانی خۆی دەربڕی بەو هۆیەی ناوچەكە هەڕەشەی لەسەرە بەهۆی گۆڕانكاریی كەشوهەوا، جەختیشی لەسەر پێویستی خستنەگەڕی هەوڵەكان كردەوە بۆ پارێزگاریی لەو ناوچەیە، بەپێویستيشی زانی وەك كێشەیەكی جیهانی تەماشا بكرێت و هەموان كار بۆ چارەسەركردنی بكەن.

باسی لەوەشكرد كە سێیەم جارێتی سەردانی ناوچەكە دەكات لەماوەی چەند مانگێكدا.