خەڵك
باڵندەی ڕەنگاڵە کە ئێستا لە هەرێمی کوردستانە زیانێکی زۆری بە هەنگ و هەنگەوانان گەیاندووە، بەپێی پێشبینییەکان ڕێژەی هەنگ %٥٠ بۆ ٧٠ کەمی کردووە.
ئەمڕۆ لە جیهاندا ڕۆژی جیهانی هەنگە، بەڵام ئەندامێکی کۆمەڵەی هەنگەوانانی سلێمانی باس لە خراپی دۆخی هەنگ و هەنگەوانان دەکات.
لە سلێمانی زیاتر لە سێ هەزار و ٥٠٠ هەنگەوان ئەندامی لقی سلێمانی کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستانن، هەنگوینی کوردستانیش بە یەکێک لە باشترین جۆرەکامی هەنگوین ئەژمار دەکرێت، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی بوونی باڵندەی ڕەنگاڵە زیان بەر هەنگەوانان کەوتووە.
سیروان ئەبوبەکر، ئەندامی لقی سلێمانی کۆمەڵەه هەنگەوانانی کوردستان لە لێدوانێکدا بە (خەڵك) ڕاگەیاند لەم ساڵدا بەهۆی بوونی ڕێژەیەکی زۆری باڵندەی ڕەنگاڵە زیانێکی زۆر بەر هەنگەکانی هەنگەوانان کەوتوون، پێی وایە نزیکی %٥٠ تا ٧٠ هەنگ کەمی کردبێت.
باڵندەی ڕەنگاڵە یاخود هەنگەخۆرە جۆرێکە لە باڵندەی گۆشتخۆر، کە مێرووەکان دەخوات بەڵام ناتوانێت لە زەویدا بەدوای مێروودا بگەڕێت بەڵکو ئەو مێرووانەی بە ئاسماندا دەفڕن ئەوانە دەخوات، لەبەر ئەوەی ئێستا کاتی پورەکردنی هەنگەکانە و شاژنەکان دەچنە دەرەوە و قەبارەیان گەورەترە لەبەر ئەوە ڕەنگاڵەکە هەنگەکە دەخوات.
سیروان ئەبوبەکر ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، بەهۆی خورانی شاژنی هەنگەکان لەلایەن ڕەنگاڵەوە بەشێکی زۆری هەنگەکان لەناو دەچن.
ڕەنگاڵە باڵندەیەکی کۆچەرییە، لە میسڕەوە کۆچدەکات، ئێستا لە ناوچەکانی سلێمانی و دەوروبەریەتی، وەک چارەسەریش بۆ ئەو کێشەیە ئەو هەنگەوانە ئەوە دەخاتەڕوو، چەند ڕێگایەکی جیاواز هەیە وەک دەرمان کردن بە هەنگەکانەوە یاخود دانانی تۆڕ و داهۆڵ لە نزیکی هەنگەکان، بەڵام ئەمەش کاتییە باشترین چارەسەر ئەوەیە کە هەنگەوانەکان هەنگەکانیان لەو ناوچانە بگوازنەوە کە دەزانن باڵندەی ڕەنگاڵە کۆچی بۆ دەکەن.
یەکێکی دیکە لە کێشەی هەنگەوانەکان بڵاوی نەخۆشی گەنەی ڤاروایە، کە ئەمەش زیانێکی زۆری گەیاندووە بە هەنگەکان، سیروان ئەبوبەکر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ماوەی نزیکه چوار ساڵ دەبێت کە دەرمانی گەنەی ڤاروا بەسەر هەنگەواناندا لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە دابەشناکرێت و ئەو دەرمانەی لە بازاڕیشدا هەیە کوالێتی لە ئاستێکی زۆر باشدا نییە.