سەردێر

نوێنەری هەدەپە روونكردنەوە لەبارەی كوژرانی ئەندامێكیان لە سلێمانی دەدات

خەڵك-

ناهیدە ئێرمش، نوێنەری هەدەپە لەهەرێمی كوردستان لەبارەی كوژرانێكی ئەندامێكیانەوە لە شاری سلێمانی لە دوو رۆژی رابردوودا دەڵێت هەڤاڵانی ئەوان بە كوشتن كۆتاییان نایەت.

ناهیدە ئێرمش، نوێنەری هەدەپە لەهەرێمی كوردستان بە خەڵك-ی راگەیاند، زەكی چەلەبی ئەندامی ئێمە بوو، هێرشی كرایەسەر، ئەو ئەندامی رێكخستنی هەدەپە بوو لە باكووری كوردستان، 19 ساڵیشە لە باشوور لە سلێمانی دەژیا، خاوەنی چێشتخانەبوو.

راشیگەیاند پێشتر هەڤاڵێكی دیكە لە سلێمانی كرایە ئامانج، ئەمجارەش زەكی چەلەبی، هێرش بەردەوامە، هێرش دەكرێتەسەر وڵات و خاكی ئێمە و ئەندامان و لایەنگرانمان‌و توركیا گووشاری زۆرمان لەسەر دەكات دەیەوێت هیچ شتێكی كورد نەهێڵێت.

دەشڵێت: لە سلێمانی پێشوو و ئێستا هەڤاڵانمان رووبەڕووی هێرش بوونەوە و دەخوازن هاوڕێیانمان لە بیروباوەڕ و بەڕێوەبەرایەتی ئێمە دووربخەنەوە، بەڵام ناتوانن تێكۆشانی پارتی ئێمە و خەباتی ئێمە لەنێو ببەن، بەكوشتن ئێمە لەنێو ببەن، تەڤگەری ئێمە لەنێوببەن.

راشیگەیاند، توركیا بە دوای هەڤاڵانی ئێمەیە بە كوشتن و گرتن و خستنە نێو زیندان، بەڵام هەڤاڵانی ئێمە ناترسن، لە مردنیش ناترسن، هەموو هەڤاڵانی ئێمە لە باكوور لەتێكۆشانن، لەنێو توركیا خەبات بەردەوامە.