سەردێر

نازم دەباغ ئاگاداری سەردانی شاندی هەرێم بۆ تاران نییە

خەڵك-

نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران دەڵێت” منیش وەك ئێوە لە ڕاگەیاندنەكانەوە بیستومە كە ئەو شاندەی هەرێم هاتوون بۆ ئێران، لەبەرئەوە ناتوانم نە ڕەتی بكەمەوە نە پشتڕاستی بكەمەوە”.

نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بەشی كوردی دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند “دەمێكە وەكو نوێنەرایەتی هەرێم لە تاران لەو هەڵسوكەوت و هاتۆچۆیانە ئاگادار نین وەك خۆی ، چونكە ئێستا هەموو شتەكان لە هەولێر و سلێمانیەوە لە ڕێگای كونسڵگەرییەكانەوە ئەنجام دەدرێت، خۆیان لە پەیوەندیدان و شاندەكان ڕێكدەخن، بە تایبەتی ئەو شاندانەی ئەگەر بە فڕۆكەی تایبەت بێن و بگەڕێنەوە”.

سەبارەت بە باسكردن و ڕێككەوتنی نێوانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ڕێگری كردن لە چالاكی حزبە كوردییە ئۆپۆزسیۆنە ئێرانییەكان دژ بە كۆماری ئیسلامی ئێران نازم دەباغ وتی ” هەمیشە لەمكاتانەدا ئەو باسە هەبووە، لە ئەمساڵیش كە توركیا پەلاماری هەرێمی كوردستان دەدات بەناوی دەركردنی پەكەكە، جۆرێك لە تێكەڵاوی دروست دەبێت لە لایەن هەموویانەوە كە ڕێگا لەو لایەنە سیاسییانە بگرن بۆ ئەوەی جارێكی تر لە هەوڵدا نەبن بۆ ئەوەی بێنەوە بۆ كۆماری ئیسلامی ئێرانی، كێشەی ئەمنی و ئاسایشی دروستبكەن تا پەلاماری ئێران بدەن، و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش، هەتا لایەنەكانیش چ یەكێتی یا پارتی، هەمیشە تەئكیدییان لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ڕێگە نەدرێت كە ئەم كارانە ئەنجام بدرێت چونكە ئەمن و ئاسایشی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ یەك گرنگە. “