سەردێر

پەكەكە باری تەنگەتاوی راگەیاند

داوا دەكات هەمووان بەشداری شەڕ بن

خەڵك-

دوران كاڵكان ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە رایگەیاند “شەڕێكی قورس لە ١٧ی نیسانەوە دەستیپێكردووە. لە پێش هەموو شوێنێكەوە زاپ و ئاڤاشین و لە كوردستان و سەرتاسەری جیهان وەك گەل و بزووتنەوە، لە چوارچێوەی ستراتیژیی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیدا بەرخۆدانی تەواو دەكەین”.

دوران كاڵكان بۆ ماڵپەڕی فەڕمی پەكەكە رایگەیاند “گەریلاكان لە زاپ و ئاڤاشین بەڕاستی داستانی قارەمانانە و ئەفسانەیی تۆمار دەكەن، كە لە مێژوودا هیچ نموونەیەكی نییە. لەبەر ئەوانەش ئێمە لە پرۆسەیەكی ئاساییدا نین. ئێمە لە جەنگ و تێكۆشانێكی ئاساییدا نین. بڕیارگەی ناوەندیی ئێمە ئەم قۆناغ و پرۆسەیەی جەنگی بە ‘شەڕی هەبوون و لەناوچوون، شەڕی مان و نەمان’ پێناسە كرد و ئەم پێناسەیە ڕاستە. كەواتە دەبێت لەمە تێبگەین. بە ئەرك و بەرپرسیارێتی لە ئاستی ئەوەدا بجوڵێینەوە و جێبەجێی بكەین”.

راشیگەیاند “بڕیارگەی ناوەندیمان سەفەربەریی ڕاگەیاند، بەڵێ گەلی كورد و دۆستانیان بۆ ئەوەی ئەو هێرشكارییە تێبكشكێنن خۆیان سەفەربەر كردووە. لەو كاتەدا نابێت هیچ كەسێك لە دەرەوەی ئەو سەفەربەرییە بێت و لە دەرەوەی ئەوە ژیان و كار نەكات. بەم ڕۆحەوە و بەم هەست و هزر و نزیكبوونەوەیە و بەم تێگەیشتن و میتۆدەوە شۆڕشی سەركەوتن دیاری بكرێت”.