خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كۆمپانیای بازرگانی خۆراك ڕایدەگەیەنێت، كە ئامادەكارییان دەستپێكردووە بۆ دابەشكردنی چوارەم سەبەتەی خۆراك، كە لە 6 ماددە پێكهاتووە بەسەر هاووڵاتیاندا.
لمی موسەوی، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بازرگانی خۆراك لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سەردانی ناوەندی فرۆشتنی سەدری كردووە بۆ چاودێری و بەدواداچوونی پڕۆسەی ئامادەكردنی ماددەكانی سەبەتەی خۆراكی چوارەم و جیاكردنەوەی ماددەكانی خۆراك و گەیاندنی بە سەرجەم ناوچەكان.
ڕاشیگەیاندووە، بەپێی پڕۆگرامی وەزارەتی بازرگانی دەستیان بە سەردانی مەیدانی كردووە بۆ ئاگاداربوون و بەدواداچوونی پڕۆسەی دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان و بەردەوامیش وەزیری بازرگانی ئاگادار دەكەنەوە لە ڕێكارەكان.
ئاشكراشی كردووە، لە ڕۆژە پشووەكانیش كاردەكەن تاوەكو خزمەتی هاووڵاتیان بكەن و بەشەخۆراك بە باشترین شێوە و بەخێرایی بگەیەننە هاووڵاتیان.
ڕووونیشی كردۆتەوە، بەشەخۆراكی چوارەم پێكهاتووە لە برنج و شەكر و زەیت و دۆشاوی تەماتە و لەتكەنۆك و فاسۆلیا.