سەردێر

مالیكی ڕووبەڕووی سەدر دەبێتەوە: حكومەت بەوشێوەیەی ئێوە پێكناهێنرێت

خەڵك-
نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ڕووبەڕووی موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدر دەبێتەوە سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی و دەڵێت:”ناكرێت حكومەت بەوشێوەیەی باسی دەكەن پێكبهێنرێت”.

مالیكی لە دیمانەیەكی لەگەڵ تەلەفیزیۆنی ئافاق ڕایگەیاند:”ناكرێت حكومەت بەو شێوەیە پێكبهێنرێت كە باسی دەكەن”، وەك ئاماژەیەك بۆ لێدوانەكانی سەدر سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەوەی بەدوور لە پشكداریی و تەوافوق كە لە ساڵی 2003وە كاریان لەسەر دەكرێت.

بە وتەی مالیكی”عیراق بەبێ‌ هاوبەشی هەموان هەڵناسێتەوە، سەیرە كەلەڕەقیش بگاتە ئەم ئاستە كە مەترسی لەسەر پرۆسەی سیاسی و دادوەریی دروست دەكات”.

سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ڕەتكردنەوەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بە “لوتكەی پاشاگەردانی” دادەنێت لەپاش دوو ڕۆژە لە لێدوانەكانی سەدر كە ڕەخنەی لە بڕیارێكی دادگای فیدراڵی گرتبوو، سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پرۆژە یاسای ئاسایشی خۆراك.