سەردێر

گۆڕانکاری لە خشتەی پێدانی کارەبادا روودەدات

خەڵک-

وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، دوای ئەوەی تێستی رووپێوی پێویستی شارەکانی کوردستان بۆ کارەبا تەواو بوو، راپۆرت دەدەینە لایەنە پەیوەندیدارەکان، دواتر خواستی راسته‌قینه‌ی شاره‌كان بۆ بەکارهێنانی شارەکان ده‌رده‌كه‌وێت.

ئومێد ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری كۆنتڕۆڵی ناوه‌ندی کارەبای هه‌رێم رایگەیاند، له‌ شه‌وی 14/15-5-2022 كاتژمێر سفر، ده‌ستمانكرد به‌ تێستی شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ره‌تا له‌ شاری سلێمانی و دواتر هه‌ڵه‌بجه‌ و پاشان له‌ ئیداره‌ی راپه‌ڕین و گه‌رمیان و زاخۆ ده‌ستمان پێكرد به‌سه‌ركه‌وتوویی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ته‌واو بوو..

دەشڵێت:” له‌ كاتژمێر 12ی شه‌وی رابردوو ده‌ستمان به‌تێستی شاری هه‌ولێر كردووه‌، دوای ته‌واو بوونی تێستی پارێزگای هه‌ولێریش ده‌ست ده‌كه‌ین به‌ تێستی پارێزگای دهۆك، ئه‌مه‌ش ده‌كه‌وێته‌ هه‌فته‌ی داهاتوو له‌به‌ر بارودۆخی تۆڕه‌كان و نه‌بوونی مێگاواتی پێویست بۆ ئه‌م تێسته‌”.

ئومێد ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد:” كاتێك تێستی شارێك ده‌ست پێده‌كات، ئه‌و شاره‌ بۆ ماوه‌ی دوو رۆژانه‌ كاره‌بای به‌رده‌وامی ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانین كه‌ خواستی راسته‌قینه‌ی ئه‌و شاره‌ چه‌نده‌، واته‌ به‌شه‌ كاره‌بای شاره‌كانی دیكه‌ كه‌م ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ به‌هۆی به‌شی ئه‌وان پڕیده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاره‌باكه‌ هه‌م له‌ رووی تۆڕه‌كانه‌وه‌ هه‌م له‌رووی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ به‌شی هه‌موو شاره‌كان ناكات ئه‌گه‌ر له‌یه‌ك كاتدا تێست بكرێت”.

راشیگەیاند:” دوای ئه‌وه‌ی تێستی هه‌موو شاره‌كان ته‌واو ده‌بێت هه‌ڵده‌ستین به‌پێشكه‌شكردنی راپۆرتی خۆمان بۆ وه‌زاره‌ت و له‌وێ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌نجامی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌درێت بۆ دیاریكردنی رێژه‌ی پێویستی شاره‌كان”.