سەردێر

نرخی ئارد هەرزان دەبێت و سەبەتەیەكی خۆراك دابەش دەكرێت

خەڵك-
دەست بە دابەشكردنی سێیەم سەبەتەی خۆراك دەكرێت و حكومەتی عێراقیش بەهۆی ناردنی بەشەئاردی هەرێمی كوردستان و زیادكردنی پارەی گەنم بۆ جوتیاران، نرخی ئارد لە بازاڕەكان هەرزان دەكات.

عەلا جبوری، وەزیری بازرگانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار درا نرخی وەرگرتنی هەر تەنێك گەنم لە جوتیاران 100 هەزاری بخرێتە سەر و ببێت بە 850 هەزار دینار.

وەك ئاماژەی پێكردووە، ئەم بڕیارە بۆ هاندانی زیاتری جوتیارانە تاوەكو گەنمی زیاتر ڕادەستی حكومەت بكەن و دواتر حكومەت لەچوارچێوەی بەشەخۆراك دابەشی سەر هاووڵاتیانی بكات و كێشەی گەنم و ئارد دروست نەبێت.

لای خۆشیەوە، ئاسۆ فەرەیدون، پەڕلەمانتاری یەكێتی لە بەغدا ڕایگەیاند، پاش سەردانەکەمان بۆ وەزارەتی بازرگانی عێراق، لەسەر داواکاریمان لەو بارەیەوە، دواجار وەزیری بازرگانی عێراق بڕیاریدا بە ناردنی بەشە ئارد بۆ هەرێمی کوردستان.

لای خۆشیەوە، كارمەندێكی بەرپرس لە بەشەخۆراكی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، زۆربەی ماددەكانی بەشەخۆراك لە (فاسۆلیا و برنج و ڕۆن و شەكر و نیسك و دۆشاو و لەتكە نۆك) گەیشتوون بە كۆگاكان و دەست بە دابەشكردن دەكرێ.

ڕاشیگەیاند، ئەم بەشەخۆراكە وەجبەی سێیەمی ساڵی 2022، كە لەسەر لیستی مانگی 4 دانراوە و بۆ هەر كەسێك پێكهاتووە لە (كیلۆیەك شەكر و یەك لیتر زەیت و 400 گرام دۆشاوی تەماتە و نیو كیلۆ فاسۆلیا و نیو كیلۆ لەتكەنۆك و 3 كیلۆ برنجی تایلەندی).