سەردێر

پەڕلەمان بەدواداچووون بۆ زەوییەكانی‌ (٨)ی‌ حەسارۆك دەكات

خەڵك-
ساڵێك لەمەوپێش، سەرۆكی‌ حكومەتی هەرێم، وەزارەتی‌ شارەوانی‌ و وەزارەتەكانی‌ تری‌ ڕاسپارد بەزوویی‌ كێشەی‌ زەوییەكانی‌ (٨)ی‌ حەسارۆك لە شاری‌ هەولێر چارەسەر بكەن‌ بە كاركردن بۆ ڕێگەپێدان بە هاووڵاتیان بە دروستكردنی‌ بینا، هەروەها گەیاندنی‌ خزمەتگوزاریی‌، بەڵام پاش ساڵێك لەو بەڵێنە تا ئێستا هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیە چاوەڕێی بەڵێنەكانی حكومەت دەكەن.

عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بە نووسراو ئەمڕۆ داوامان كردووە وەزارەتی‌ شارەوانی‌ ڕوونكردنەوە بدات لەسەر ئەو ئەركانەی‌ لەسەر شانیانە و بەڵێنی حكومە، چیانكردووە بۆ ئەو خاوەن زەویانە؟ بۆچی‌ تا ئێستا هیچ یەكێك لە ئەركەكانیان بە ئەنجام نەگەیشتووە؟

وتیشی، ” نزیكەی‌ (٢٠) هەزار هاووڵاتی،‌ كە زیاتر لە 15 ساڵە زەویان بەسەردا دابەشكراوە، بەڵام تا ئێستا حكومەت هیچی‌ بۆ نەكردوون، لە كاتێكدا زەوییەكان دەكەونە ناو شاری‌ هەولێر و لە دەورووبەری‌ ئەو زەویانە ژمارەیەكی‌ زۆر شاری نیشتەجێبوون، كە زۆرینەیان گرانبەهان دروست كراون.

جەختیشی كردەوە، بەردەوامی‌ ئەم دۆخە، ژیانی‌ ژمارەیەكی‌ زۆر هاووڵاتی‌ هەراسان كردووە، بەتایبەت ئەو خێزانە هەژارانەی،‌ كە خاوەنی‌ هیچ شتێكی‌ تر نین بێجگە لەو پارچە زەوییە بۆ ئەوەی‌ بیكەنە خانوو و لە كرێچیەتی ڕزگاریان ببێت.