سەردێر

كاتی دابەشكردنی دەرماڵەی خوێندكاران دیاریكرا

خەڵك-
دوای بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ خەرج كردنی دەرماڵەی مانگی 3ی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان، لە سبەینێوە لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لە نووسراوێكدا بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەكردووە، دەست بە دابەشكردنی پارەی مانگی 3ی پاڵپشتی دارایی (دەرماڵە)ی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان دەكرێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، بڕی 40 هەزار دینار مانگانە وەك پاڵپشتی بۆ خوێندكارانی ناوشار و 60 هەزار دیناریش بۆ دەرەوەی شار، كە بە سیستمی زانكۆلاین وەرگیراون خەرج بكرێ.

بەپێی زانیارییەكان، لە سبەینێوە دوو شەممە، دەرماڵەی سێیەمی خوێندكاران لە سەرجەم كۆلێژ و بەشەكانی زانكۆ و پەیمانگاكانی سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان دابەش دەكرێت.

دوای ماوەیەكی زۆر لە خۆپیشاندان و بایكۆت، لە كۆتایی ساڵی ڕابردوودا خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان توانیان مافەكانیان بۆ دەستپێكردنەوەی پێدانی دەرماڵە بەدەست بهێننەوە، كە لە دوای ساڵی 2015ەوە و بەهۆی قەیرانی داراییەوە ڕاگیرابوو.