سەردێر

خەڵك؛ هۆكاری گران بوونی نرخی مریشك ئاشكرادەكات

خەڵك- تەرزە تەها
نرخی مریشك لە بازاڕەكاندا گران بووە، لە ئێستادا نرخی كیلۆیەك نزیكی 4 هەزار دینارە، مریشك فرۆشەكانیش هۆكارەكەی بۆ گرانبوونی نرخی عەلەف دەگەڕێننەوە.

لە دوای جەژنی ڕەمەزانەوە بەردەوام نرخی مریشك لە بەرزبوونەوەدایە، ئێستا نرخی كیلۆیەك مریشك لە سەرووی 3 هەزار و ٧٥٠ دینارە، لە كێڵگە پەلەوەرییەكانیشدا نرخەكەی لەنێوا 3 هەزار و ٤٠٠ بۆ 3 هەزار و 500 دینارە.

كاوە محەمەد، خاوەن دوكانی فرۆشتنی مریشكی زیندوو لە ژێر پردەكەی ناو بازاڕی سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، بەهۆی جەنگ لە ئۆكراینا نرخی عەلەف و پێداویستیەكانی كێڵگە پەلەوەرییەكان گران بووە، لە كاتێكدا پێش شەڕ لە ئۆكراینا نرخی تۆنێك عەلەف بە ٤٥٠ دۆلار بووە، بەڵام ئێستا نرخەكە سەروو ٦٦٠ دۆلارە.

وتیشی، “نەخۆشی لەنێو كێڵگە پەلەوەرییەكاندا بڵاوبۆتەوە، ئەمەش بووەتە هۆكاری زیادبوونی نرخی مریشك”.

ئاشكرای كرد، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی مریشك ئێستا خواست لەسەری كەمبۆتەوە، هاووڵاتی ناتوانێت وەك پێشتر مریشك بكڕێت، چونكە گرانییە و چەندین قەیران بەرۆكی خەڵكی گرتووە و خەڵك توانای شت كڕینی كەمبۆتەوە.