سەردێر

گەنجە كوردەكە لە گوگڵ سیستمێكی نوێی كوردی زیاد دەكات

خەڵك-
بۆكان حەسەن، ئەو گەنجە كوردەی توای دوای ماوەی چەند ساڵێك كاركردن زمانی كوردی سۆرانی (ناوەندی) بۆ وەرگێڕی كوردی (گووگڵ ترانسلەیت) زیاد بكات، لە هەوڵی زیادكردنی سیستێكی نوێدایە، كە ئەویش سیستمی دەنگی زمانی كوردییە.

بۆكان حەسەن، دامەزرێنەری كۆمەڵەی گووگڵ كراودسۆرس لە عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند،، ڕۆژی چوار شەممەی داهاتوو بە فەرمی بانگهێشتی كۆبوونەوەیەك كراوم لەگەڵ چەند ئەندازیارێك لە كۆمپانیای گووگڵ لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.

ڕاشیگەیاند، لەوێ‌ تیشك دەخەمە سەر ئەوەی، كە بەشی سیستەمی دەنگمان بۆ چالاك بكەن بۆ گووگڵ كراودسۆرس بۆ ئەوەی بتوانین لە داهاتوودا ئیش بكەین بۆ سیستەمی دەنگی زمانی كوردیی ناوەندی لەگەڵ ئەندامانی كۆمەڵەی گووگڵ كراودسۆرس لە عێراق و هەرێمی كوردستان.

بۆكان حەسەن، كە بە (بۆكان جاف) ناسراوە دوای 7 ساڵ كاركردن و یەك ملیۆن و 289 هەزار و 50 داتا تەنها بە یەك هەژمار توانی لە وەرگێڕی گووگڵ (گووگڵ ترانسلەیت) زمانی كوردی ناوەندی زیاد بكات و بۆ یەكەمجار لە مێژووودا زمانی كوردی ببێتە زمانێكی جیهانی دانپێدانراو.