خەڵك-
ئەمڕۆ شەممە خۆپیشاندان لە ئێران زیاتر بووە و شار و ناوچەی دیكەشی گرتووەتەوە.
بەپێی هەواڵی میدیاكان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی شتومەك و خۆراك لە بازاڕەكانی ئێران چەند رۆژێكە خۆپیشاندان لەبەشێكی شار و شارۆچكەكان دەستیپێكردووە.
بەپێی زانیارییەكان كەسێك لە پێكدادانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزەكانی پۆلیسدا كوژراوە و زیانی زۆریش بە دامەزراوە گشتیی و حكومییەكان گەیشتووە.
بەپێی سەرچاوەكان ئەمڕۆ لە تارانی پایتەختی ئێران رێوشوێنی ئەمنی زۆر گیراوەتەبەر و هێزە ئاسایشییەكان بە چڕی بڵاوەیانپێكراوە.
هەفتەی رابردوو ئیبراهیم رەئیسی سەرۆكی ئێران زنجیرەیەك رێوشوێنی راگەیاند بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگە ئابوورییەكان كە وڵاتی پێوە دەناڵێنێت، بەهۆیەوە پشتیوانی حكومی بۆ خۆراك كەمبووەوە و بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك بە نمونەی گۆشت و هێلكە.
ئاژانسی ئیلنا بڵاویكردەوە كەسێك لە شارۆچكەی دزفول لە سنووری پارێزگەی خوزستان كوژراوە.