خەڵك –
بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی جۆری دەرمان ڕایدەگەیەنێت، لە زنجیرە گەڕان و سەردانیكردنە مەیدانییەكانییان ژمارەیەك لە كۆگای دەرمانیان لە شاری ھەولێر بەسەركردەوە و لەو هەڵمەتەدا چوار كۆگای دەرمان داخران و رێكاری یاساییان لە هەمبەر گیرایەبەر.
بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان (KMCA) لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، تیمی چاودێری بازاڕ بەهەماهەنگی لەگەڵ قائمقامیەتی ناوەندی هەولێر لە زنجیرە گەڕان و سەردانیكردنە مەیدانییەكانییان ژمارەیەك لەكۆگای دەرمانیان لەسەنتەری شاری هەولێر بەسەركردەوە كە بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە جموجۆڵی بازاڕی دەرمان و رێگریكردن لە مامەڵەكردن بە دەرمانی بێ مۆڵەت و نایاسایی.
ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، لەو هەڵمەتەدا (٤) كۆگای دەرمان داخران و رێكاری یاساییان لە بەرامبەر خاونەكانیان گیرایە بەر.
لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە ، دامەزراوەی كۆنترۆڵی جۆری دەرمان ھەمیشە بە گیانی پیشەیی و زانستییەوە لە ھەڵمەت و بەدواداچوونەكان بەردەوام دەبێ لە رێگەی لیژنە تایبەتەكانی بۆ دەستبەسەرداگرتن و قەدەغەكردنی مامەڵەكردن بە دەرمانی نایاسایی و قاچاخ و ھۆشیاركردنەوەی ھاووڵاتیان لێوەی لە پێناوی دەستبەركردنی باشترین كواڵێتی دەرمان بۆ ھاونیشتیمانیان.