سەردێر

كاتی دابەشكردنی پارەی كارمەندانی كۆمسیۆن دیاریكرا

خەڵك-ئارام سەردار

دوای 7 مانگ لە هەڵبژاردنە پەڕلەمانییەكەی عێراق، بڕیارە لەكۆتایی ئەم مانگەدا پارەی كارمەندانی كۆمسیۆن بۆ پارێزگای هەولێر خەرج بكرێت.

بۆتان شێركۆ، جێگری سەرۆكی لقی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، پارەی كارمەندانی سەر سندووقی دەنگدان لەهەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق گەیشتۆتە دەستمان و پارەكە لەبانك دانراوە.

دەشڵیت: “بڕی پارەی كارمەندانی كۆمسیۆن بۆ پارێزگای هەولێر ٣ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینارە، دوای تەواوكردنی ڕێكارە تەكنیكیەكان لەكۆتایی ئەم مانگە دابەشی دەكەین.

ئەوەشی خستەڕوو، لەهەولێر ١٧ هەزار كارمەندی سەرسندووق هەبووە، بۆ دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگا ٢٥٠ هەزار دینار و بۆ ئەوانەی فەرمانبەری حكومەتن ١٥٠هەزار دینار لەگەڵ پێدانی ڕێز و سووپاسی سەرۆك وەزیران دابەش دەكرێت.