خەڵك-
پەڕلەەمانی عێراق بڕیاریدا بە دواخستنی كۆبوونەوەی ئەمڕۆ تا كاتێكی نادیار.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەڕلەمانی عێراق بڵاویكردەوە، لەسەر داوای هەندێك لە كوتلەكانی پەڕلەمان و لەپێناو گفتوگۆی زیاتر بۆ كامڵ كردنی یاسای پاڵپشتی بەپەلەی ئاسایشی خۆراك و گەشەپێدان تاوەكو كاتی زیاتری پێ بدرێت بڕیار دراوە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ شەممە دوابخرێت.
هەرچەندە فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەڕلەمان كاتی داهاتووی كۆبوونەوەكەی دیاری نەكردووە، بۆیە وەك میدیا عێراقییەكان دەڵێن: “بە مەبەستی كوشتنی كات و پەسەند نەكردنی ئەو یاسایە بۆ كاتێكی نادیار كۆبوونەوە دواخراوە”.
دوێنێ هەینی، فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەڕلەمان خشتەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆ شەممەی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەكردبوو، كە دەنگ دەدرێت لەسەر پڕۆژە یاساكە و گفتوگۆ كردن لەسەر دۆخی شنگال.