خەڵك-
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی شەڕ لەگوندی كەوڕەبەنی سنووری قەزای خەبات لە سنووری هەولێر لەنێوان ژمارەیەك هاووڵاتیدا روویدا.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان لە شەڕەكەدا چوار كەس كوژراون و ژمارەیەكی دیكەش بریندار بوون.
تا ئێستا لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە بە فەڕمی زانیاری لەبارەی ئەم شەڕەوە بڵاونەكراوەتەوە.
ئەمە لە حاڵێكدایە ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی پۆلیس رایگەیاند مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی فریاكەوتن و بنكەی پۆلیسی بەختیاری لە سلێمانی شەش كەسیان بە تۆمەتی شەڕكردن لەنێو كافتریادا دەستگیركرد.
بەپێی راگەیەندراوێكی پۆلیسی سلێمانی، ئەو كەسانە شەڕیان كردووە و دەسڕێژی گولەیانكردووە، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس توانراوە شەش تۆمەتبار دەستگیربكەن لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی چوار ئۆتۆمبێل و چەكێكی جۆری دەمانچەدا.
راشیگەیاند تۆمەتبارەكان بەبڕیاری دادوەر راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
ئێوارەی دوێنێش لە شاری سلێمانی لە شەڕێكدا كەسێك كوژراو ژمارەیەكی دیكە بریندار بوون.