سەردێر

حكوومەتی هەرێم كارئاسانی بۆ كۆمپانیاكان دەكات

خەڵك-

بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری كۆمپانیاكان لە حكومەتی هەرێم رایگەیاند لە رابردوودا چالاكییەكانی بواری بازرگانی و بابەتی تۆماری ناوی بازرگانی و تۆماری كۆمپانیا ئاستەنگی زۆری لەبەردەم دا بوو، كە جار هەبووە ئەو پرۆسەیە مانگێكی پێچووە، ئەمە تەنیا لە پرۆسەی تۆماری ناوی بازرگانی، پاشان لە قۆناغی دووەم كە قۆناغی تۆماری كۆمپانیایە ئەویش ١٠ بۆ ١٥ڕۆژی پێچووە، بەڵام لە ئێستادا هەر دوو پرۆسەكە بە ٥ ڕۆژ تەواو دەبێت، هاوكات دوای دەرچوونی پەیڕەوەكە لە ڕۆژنامەی وەقاییعی كوردستان پرۆسەكە بە ڕۆژێك ئەنجام دەدرێت، یانیش هەمووی لە ٣ ڕۆژ زیاتر ناخایەنێت.

سەبارەت بە خەرجییەكانی كۆمپانیاكان بڵند محەمەد بە فەرمانگەی مێدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی راگەیاند، لە رابردوودا هەر ناوێكی بازرگانی ئەگەر كوردی بێت یان عەرەبی نزیكەی ٦٠٠ هەزار دینار وەك ڕسوومات وەردەگیرا، ئەگەر ناوەكە بیانی بووایە ملیۆنێك و ٢٠٠ هەزار دینار وەردەگیرا، بەڵام ئێستا پڕۆسەی تێچووی ناوی بازرگانی بۆ كوردی و عەرەبی و بیانیش تەنها ٥٠ هەزار دینارە.

روونیشیكردەوە، پڕۆسەی تۆماری كۆمپانیا پێشتر ١٥٣ هەزار دینار ڕسووماتی مەقتوع بوو، هەروەها ئەگەر كۆمانپایەكیش سەرمایەكەی لە سەرووی ملیۆنێك بوو، بۆ هەر ملیۆنێك ٤ هەزار و ٥٠٠ هەزار دینارمان وەردەگرت، ئێستا بووەتە ٦٢ هەزار دینار، هەروەها لە بری وەرگرتنی ٤ هەزار و ٥٠٠ دینارەكە ئێستا تەنیا بڕی ٢هەزار و٥٠٠ دینار وەردەگیرێت.

بڵند محەمەد راشیگەیاند:” تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان ٣١ هەزار و٢٧ كۆمپانیا تۆمار كراون كە ٢٧ هەزار و ٧١٣ كۆمپانیایان خۆماڵین و ٣هەزار و ٣١٤ كۆمپانیایان بیانین و كۆمپانیا توركییەكانیش لە سەرووی ڕیزبەندی كۆمپانیا بیانییەكاندان، پاشان ئێرانی و ئینجا ئەمریكییەكان، دواتریش بریتانیا و ئوردنییەكان لە ڕیزبەندییە دێن.”

بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری كۆمپانیاكان ئاماژەش بەوەدەكات كە تا ئێستا ٤ هەزار و ٥٠٠ كۆمپانیا خۆیان پاكتاو كردووە، نەك ئیفلاس، كە زۆرترین ڕێژەی هی سێ ساڵی كۆتاییە، بەهۆی ئەو دۆخە نالەبارەی بەسەر هەرێمی كوردستاندا هات‌.