سەردێر

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی: ئەنجومەنی باڵای ئابووری دووئیدارەیی تۆخكردەوە

خەڵك-
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند ئەنجوومەنی باڵای ئابووری بە دیاریكردنی رێژەی داهات بۆ زۆنەكانی سەوز و زەرد دووئیدارەیی تۆخكردەوە.

زیاد جەبار بۆ دەنگی ئەمریكا دەڵێت “ ئەوەی جێگەی نیگەرانی بوو، من تێبینیم لەسەری هەبوو ئەوە بوو كە حكومەتی هەرێمی كوردستان نەدەبووایە بەوشێوەیە بڕیاری بدایە كە 43% ی ئەو ڕێژەیەی دیاری دەكرێت لەلایەن وەزارەتی داراییەوە لەزۆرنی سەوز بێت و 57% ی لە زۆنی زەرد بێت كە ئەمە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی كارنامەكەی خۆی ئەگەر لەشوێنێكیشدا ئاسەواری دوو ئیدارەیی هەبێت بتوانێت ئەمە كاڵ بكاتەوە و بەرەو نەمانی بەرێت، بەڵام بەداخەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەنجوومەنی باڵای ئابووری لە هەرێمی كوردستان ئەو بڕیارەیاندا بڕیارێكی باش نەبوو كە بووە هۆی زەقبوونەوەی دووئیدارەیی لە هەرێمی كوردستاندا.

راشیگەیاند، كاتێك ئەو بڕیارە دراوە بەپێی بەدواداچوونەكانی من نزیكەی 300 ملیار دینار لە بانكەكانی پارێزگای سلێمانیدا هەبووە لەداهاتی ناوخۆ بەڵام كە ئەو كاتە ئەو بڕیارەدرا هەموو مانگێك ڕێژەیەك بڕیاردەدرا لە وەزارەتی داراییەوە ئەوە مەرج بوو بۆ نموونە مانگی پێشوو مەرج بوو 75 ملیار دینار دیاری بكەن بۆ مووچەو بیرلەوە ناكەنەوە ئەم داهاتانەی ناوخۆ ئایا بەشی هەموو ئەو پێداویستیانە دەكات كە لەداهاتی ناوخۆی سلێمانی تێیدا ڕەچاودەكرێت؟.

زیاد جەبار ڕوونیكردەوە“ بۆنموونە داهاتی ناوخۆی سلێمانی بریتیه ‌لە خاڵەسنورییەكان لەگەڵ داهاتی ناوخۆ و باج و خەراج لەسلێمانی كۆدەبێتەوە، خەرجیەكانی بریتین لەوەی هەموو مانگێك بەمەركەزی لە وەزارەتی داراییەوە نوسراوێك دەكرێت بۆ بانكی ئاشتی كە بڕی ئەوەندە تەمویل بكەن بۆ مووچە، هەموو دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسلێمانی خەرجیەكانیان و پێداویستیەكانیان لەداهاتی ناوخۆی سلێمانییە هەموو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لەسنوری شاری سلێمانی لەم داهاتەیە له ‌سەرو و هەموو ئەمانەشەوە بڕێك لەداهاتی سلێمانی 15-18 ملیار دینارە تەمویل دەكرێت بۆ بودجەی تشغیلی-بەكاربردنی هەر سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێمی كوردستان ئەمانە بوونەهۆی ئەم بڕە پارەیەی داهاتی ناوخۆی سلێمانی هەموو مانگێك كەمی بۆ دروست ببێت.

دەشڵێت: لەمانگی 7 وە هەتا كۆتایی ساڵ هەموو مانگێك لەو 300 ملیار دینارەی كە هەبووە دراوە ئەوكاتە زیاتریش بوو مانگ هەبووە 160 ملیار دینار لەداهاتی ناوخۆ خەرج دەكرا دواتر وردە وردە ئەمە كەمی كرد، ئەم سێ مانگەی كۆتایی ئەمساڵ هەموو مانگێك 35 ملیار دینار كەمی بۆ دروست دەبێت ئێستا 105 ملیار دینار كەمی كردووە، ئێستا قسەر لەسەرئەوە دەكرێت كە ئەمە لامەركەزی ئیداریی و داراییە. “