سەردێر

خۆپیشاندان بەشێكی شارەكانی ئێران دەگرێتەوە

خەڵك-

میدیاكانی دەوڵەتی ئێران سەر لە بەیانی ڕۆژی هەینی بڵاویانكردەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران لانیكەم ٢٢ خۆپیشاندەریان دەستگیركردووە كە ناڕەزاییان دەربڕیووە لە دژی بەرزبوونەوەی لە پڕی نرخی خۆراك و پێداویستیە سەرەكییەكان لە دوو شاری باشووری وڵاتدا.

ئەم دەستگیركردنانە دوای ئەوە دێت كە ئێران لەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند نرخی ڕۆن، مریشك، هێلكە و شیر بەرز دەبێتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە نرخی خۆراك لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرزبووەتەوە، بەهۆی هێرشە داگیركارییەكانی ڕووسیا بۆ سەر كۆمپانیا سەرەكییەكانی هەناردەكردنی خۆراك لە ئۆكرانیا.

ئاژانسی هەواڵی ئیرنای سەر بە دەوڵەتی ئێران بڵاویكردەوە، لە ماوەی شەوێكدا ١٥ كەس لە شاری دێزفول لە باشووری ڕۆژئاوای پارێزگای خوزستان و حەوت كەسی دیكە لە شاری یاسوج لە باشووری ئەو وڵاتە دەستبەسەر كراون.

لە ڕاپۆرتەكەدا ئەوەش هاتووە، كە 200 كەس لە شارێكی دیكەی پارێزگای خوزستان گردبوونەوە، دوای ئەوەی خۆپیشاندەران بەردیان گرتە پۆلیس و ئاگركوژێنەوەكان و یەكێك لە ئاگركوژێنەوەكان بریندار بوو.

ئیرنا ئەوەشی خستەڕوو، ڕۆژی هەینی دۆخەكە لە هەموو ناوچەكان هێور بۆتەوە، هەروەها وێنەیەكی سەرۆكی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی بڵاوكردەوە كە نیشانی دەدات لەگەڵ كڕیارانی ناو بازاڕەكانی تاران كۆدەبێتەوە تا گوێ لە نیگەرانییەكانیان بگرێت.
سەرچاوە/VOA