سەردێر

ئاژانسێكی ئێران ئامانجە نهێنییەكانی ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا بۆ سەر باشووری كوردستان ئاشكرادەكات

خەڵك-

ئاژانسی دەنگوباسی مێهری فەڕمی ئێران بڵاویكردەوە، توركیا بۆ جاری چەندەم و بە بیانووی بەرەنگاری لە گەڵ تیرۆریزم، هێرش دەكاتە سەر هەرێمی كوردستان، ئەم هێرشانە لە ناوچەكانی گارا، ئاڤاشین، باستا، خواكورك و زاپ جێگە دەگرن، بەڵام ئەوەی لە توركیا روو دەدات ئامانجێكیتری هەیە و تەنیا شەڕ لە گەڵ پەكەكە نییە.

بەپێی راپۆرتی ئەم ئاژانسەی ئێران، رووخاندنی بنكەكانی پەكەكە لە باكووری عێراق بە تایبەت لە كێوەكانی قەندیل، بەرەنگاری لە گەڵ پەكەكە، ڕێگری لە پێوەندی پەكەكە لە گەڵ كوردەكانی باكووری سووریا و ڕێگری لە هاتنی هێزەكانی پەكەكە بۆ خاكی توركیا لە دیكەی ئامانجەكانی هێرشی توركیایە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، توركیا بە پێچەوانەی ساڵانی پێشوو، بەدوای كاریگەری دانان لە سەر دۆخی سیاسی عێراقە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، توركیا بە كەڵك وەرگرتن لە دۆخی ئاڵۆزی عێراق ئەم ئۆپەراسیۆنەی ڕێكخست. ئۆپەراسیۆنی ئەم دواییانەی باكووری عێراق لە لایەن ئەكتەرانی ناوچەوە بەرنامەی بۆ داڕێژراوە. گرینگترین ئامانجی توركیا لەم ئۆپەراسیۆنە، زێدەخوازی و فراوانخوازییە لە عێراق.