سەردێر

“توركیا ئاوارە سووریاییەكان لەسەر خاكی كوردان نیشتەجێدەكات”

خەڵك-

سەرۆكی پارتی دیموكراتی كورد لە سووریا، دەڵێت سیاسەتی ئێمە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە درواسێكانمان پێكهاتووە بەڵام توركیا هێزێكی داگیركەرە و هەموو ڕۆژێك دژ بە خەڵكی ئێمە هەڵدەسێت بۆیە ئێمە بە ئەركی خۆمانی دەزانین كە هەمبەر ئەم هێرشانە بوەستین.

كۆفان كەنعۆ، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كورد لە سووریا بۆ ئاژانسی كوردپرێس رایگەیاند، دەوڵەتی توركیا لە سەر وێرانەكانی حكوومەتی عوسمانی بینا كراوە و ئیمپراتۆریەتی عوسمانیش دەستی بە خوێنی كورد سوورە.

دەشڵێت ئەمانە خۆیان كۆچبەر بوون و ئەمڕۆ بە داگیر كردنی عەفرین و گرێ سپی و سەرێكانی خەریكی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەكەن و پەنابەران لە سەرزەمینی كورد جێگیر دەكەن.

كۆفان كەنعۆ دەڵێت سیاسەتی توركیا ڕوونە ئەم وڵاتە دەیەوێت كورد لە خاكی خۆی دەربكات و لەژێر ناوی مافی مرۆڤ و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان دیموگرافیای ناوچە كوردنشینەكانی سووریا بگۆڕێت و بە ئامانجە سیاسییەكانی خۆی بگات.

سەرۆكی پارتی دیموكراتی كورد لە سووریا راشیگەیاند، توركیا بڕوای بە مافی گەلانی سووریا نییە و لە 10 ساڵی ڕابردوودا بە پشتگیری كردن لە گرووپە توندڕەوەكان ئاسایشی ناوچەكەی تێكداوە.

ئەم سیاسەتوانە كوردە وەبیری هێنایەوە: خواستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە حكوومەتی ئێستای توركیادا ڕەنگی داوەتەوە. سیاسەتەكان هەمان سیاسەتی لەناوبردن و كوشتنە بۆیە دەبێت وڵاتانی زلهێز فریوی توركیا نەخۆن و ئەركی یاسایی و ئینسانیی خۆیان لەبارەی خەڵكی سووریا جێبەجێ بكەن.

كۆفان كەنعۆ جەختی كردەوە: ئێمە لە هەموو ئامێرەكانی سەربازی و دیپلۆماسی و سیاسی كەڵك وەردەگرین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توركیا.