خەڵك –
بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆمەڵگەی عیراق رایدەگەیەنێت، لەماوەی چوار مانگی رابردودا زیاتر لە 200 حاڵەتی خۆكوشتن تۆمار كردوە و ڕۆژانەش زیاتر لە دوو حاڵەتی خۆكوشتن تۆمار كراوە.
غالب عەتیە، بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆمەڵگەی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە و زیاتر لە 200 حاڵەتی خۆكوشتن تۆمار كردوە، حاڵەتەكانیش لەنێوان تەمەنە جیاوازەكاندایە و بە زۆری لەناو هەرزەكاراندا تۆماركراون كە هۆكاری جیاوازیان لەپشتەوە بووە.
ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە ، خراپی باری دارایی و بێكاری دواتریش ئالودەبوون بە مادەی هۆشبەرو خراپ بەكارهێنانی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی و توندوتیژی خێزانی، لەدیارترین ئەو هۆكارانەن، كە پاڵنەری خۆكوشتنەكان بوون.
ئەوەشخراوەتەڕوو، چەند حاڵەتی خۆكوشتنی نامۆ و نا لۆژیكی تۆماركراوە، كە لەوانە خۆكوشتنی گەنجێك بووە بەهۆكاری ئەوەی خۆشەویستەكەی وازی لێ هێناوە، هەندێك حاڵەتی دیكەش هەبووە، كە دوای توێكاری دەركەوتووە كوشتنە و پەیوەندی بە تاوانی شەرەفەوە هەبووە.
ئەمە لەكاتێكدایە ، پەپێی ئامارە فەرمییەكانی عیراق حاڵەتەكانی خۆكوشتن لەساڵی رابردوو 772 حاڵەت بووە .