خەڵک-
چوارچێوەی هەماهەنگی رەتیدەكاتەوە هیچ بەشێكیان لێ جیابووبێتەوەو چووبنە پاڵ هاوپەیمانی سێقۆڵی بەمەبەستی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق و دەشڵێت:”لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر هەڵوێستەكانیان بەردەوامن و هاوپەیمانییەكەشیان پتەوو جێگیرە”.
دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە بەشێك لە چوارچێوەی هەماهەنگی جیابوونەتەوەو چوونەتە پاڵ هاوپەیمانی سێ قۆڵی (سەدر، پارتی و هاوپەیمانی سیادە) بەمەبەستی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق.
لەو بارەیەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیەندراوێکدا رەتیدەکاتەوە و دەڵێت:” لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر هەڵوێستەكانیان بەردەوامن و هاوپەیمانییەكەشیان پتەوو جێگیرە و ئاماژە بەوەشدەکات کە بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆیانە ئامانج لێی چەواشەكردنی رایگشتی و كاریگەری خستنەسەر جەماوەرەكەیان دێت”.
چوارچێوەی هەماهەنگی لەچەند لایەنێكی سەرەكیی شیعە پێكدێت، داوای پێكهێنانی حكومەتی عێراق دەكات لەسەر بنەمای تەوافوقی سیاسی، بەڵام لە بەرامبەردا سەدر و بەشیک لە لایەنەکانی دیکە داوای پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەكەن.