سەردێر

ناوچەیەكی تری ئۆكراینا دەیەوێت بچێتە پاڵ ڕووسیا

دەڵێت پێویست بە ڕاپرسی ناكات

خەڵك-
بەرپرسێك لە خیرسۆن ڕایدەگەیەنێت، ئیدارەی هەرێمەكەیان داوا لە ڤلادیمێر پۆتین سەرۆكی ڕوسیا دەكات، هەرێمەكەیان بخاتە پاڵ ڕوسیا.

ئەمڕۆ چوار شەممە، كیریڵ ستریمۆسۆڤ، جێگری سەرۆكی ئیدارەی ڕووسی لە خیرسۆن بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند:”پلان نییە بۆ دامەزراندنی كۆماری میللی خیرسۆن، وەك هەردوو هەرێمی دۆنێتسك و لۆگانسك لە ئۆكراینا، بەڵام بەنیازن داوا لە پۆتین بكەن، هەرێمەكەیان بخاتە پاڵ ڕووسیا”.

ئاژانسی دەنگوباسی “ریا نۆڤۆستی” لە زاری ستریمۆسۆڤەوە بڵاویكردەوە”خیرسۆن ڕووسیایە، كۆماری میللی خیرسۆن لەسەر خاكی هەرێمی خیرسۆن نابێت و ڕاپرسیش ناكرێت، بەڵكو بڕیارەكە لەسەر بانگەوازیی سەركردایەتی هەرێمی خیرسۆنە بۆ سەرۆكی ڕووسیا و داوای لێدەكرێت هەرێمەكە بخاتە ناوچەیەكی گونجاوی ڕووسیای فیدراڵەوە”.

چاودێران پێیانوایە، كۆنترۆڵكردنی شاری خیرسۆن لە باشووری ئۆكراینا و بەشێكی گەورە لە ناوچەكانی دەوروبەری لە سەرەتای دەستپێكردنی جەنگ، سەبارەت بە ڕووسیا گرنگترین دەستكەوتی جەنگ بوو.

بەرپرسانی ئۆكراینا پێشبینی دەكەن، ڕووسیا بیەوێت لەڕێی ئەنجامدانی ڕاپرسییەوە سەربەخۆیی هەرێمەكە ڕابگەیەنێت، هاوشێوەی هەردوو هەرێمی دۆنێتسك و لۆگانسك .

كرملین لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، پرسەكە پەیوەندی بە دانیشتوانی ناوچەی خیرسۆنەوە هەیە، لەڕووی دیاریكردنی ئەوەی چییان دەوێت، دێنە پاڵ ڕووسیا یان نا.

مۆسكۆ بەر لە دوو ڕۆژ لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی لە ئۆكراینا، دانی نا بە هەردوو كۆماری دۆنێتسك و لۆگانسك، ئەمەشی وەك بیانوویەك بۆ ناردنی هێز بۆ ئۆكراینا بەكارهێنا.

هەرچەندە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی ڕووسیا لە ئۆكراینا لە سێ‌ مانگ نزیك دەبێتەوە، بەڵام تائێستا پێشكەوتنی بەرچاوی لە قوڵایی خاكی وڵاتەكەدا بەدەستنەهێناوە، هۆكاریی ئەمەش بە بۆچوونی زۆرێك، بۆ ئەو پشتیوانییە سەربازیانە دەگەڕێتەوە كە لەلایەن ئەمریكا و وڵاتانی یەكێتی ئەوروپاوە لە سوپای ئۆكراینا دەكرێت، تا بەر لە پێشڕەوییەكانی سوپای ڕوسیا بگیرێت كە بە بۆچوونی خۆرئاوا، لە حاڵەتی سەركەوتنی ڕووسیا مەترسی لەسەر ئەوروپا و جیهان دروستدەبێت.