سەردێر

مووچەخۆران دەبنە قوربانی ململانێی حزبەكانی ناو حكومەت

خەڵك-
سەرەڕای دواكەوتنی بۆ مانگی ئایار، بەڵام دابەشكردنی مووچەی مانگی 4 ڕاگەیەنرا لەكاتێكدا هێشتا لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین، كە بە “ئیدارەی سلێمانی” ناسراوە مووچەی بەشێكی مووچەخۆراك دابەش نەكراوە و ئەوەش ناڕەزایی فەرمانبەران و خانەنشینانی لێكەوتۆتەوە، كە هەموو ڕۆژێك بە دەستی بەتاڵ دەگەڕێنەوە لە بانكەكان بەبیانووی نەبوونی پارە.

عومەر گوڵپی، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، مووچە بەشێوەیەكی‌ گشتی‌ نزیكەی‌ مانگێك دواكەوتووە، كە ئەمە بەرهەمی‌ ناشەفافیەت‌ و گەندەڵی ‌‌و نەبوونی‌ یاسای‌ بودجە و شكستی‌ حكومەتە.

ئاشكراشی كرد، بەپێی‌ زانیاری ‌‌و بەدواداچوونی‌ ئێمە، داهاتی‌ ئێستای‌ هەرێمی‌ كوردستان نزیكە لە (یەك ترلیۆن ‌و 400 ملیار دینار)ە لە كاتێكدا سەرجەم خەرجیەكان بۆ مووچە و خزمەتگوزاری‌ بریتیە لە (یەك ترلیۆن ‌و 100 ملیار دینار) بەمجۆرە دەردەكەوێت بەلای‌ كەمەوە لەسەرەتای‌ ساڵی‌ (٢٠٢٢)ەوە هیچ كورتهێنانێك لە داهات نیە.

زەنگی دوو ئیدارەیی و گیرۆدەبوونی مووچەخۆران بە ململانێكانەوە
ڕۆژ بەڕۆژ سیماكانی دوو ئیدارەیی “ئیدارەی سلێمانی/ یەكێتی” و “ئیدارەی هەولێر/ پارتی” لە بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان بەهۆی ململانێ‌ حزبییەكان تۆختر دەبنەوە و لە هەڵبژاردن و پەڕلەمان و حكومەتەوە كاریگەری كردۆتە سەر مووچە و بژێوی هاووڵاتیان و مووچەخۆران و دەبێت خەڵكی هەژار و فەرمانبەران و مامۆستایان و خانەنشینان باجی ئەو ململانێیە بدەن.

لە ئێستادا هەرێمی كوردستان خاوەنی داهاتێكی زۆرە، كە نرخی نەوت گەیشتۆتە سەرووی 100 دۆلار و هەرێم مانگانە نزیكەی 15 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەكات و هەروەها بەپێی داتاكانی حكومەت بۆ مووچە زیاتر لە 488 ملیۆن دۆلار (717 ملیار و 360 ملیۆن دینار)ی بۆ مووچە دەمێنێتەوە و داهاتی ناوخۆش دەگاتە نزیكەی 130 ملیۆن دۆلار (188 ملیار دینار) و (200 ملیار دیناری عێراق) بۆ مووچە هاتووە، بەوەش كۆی گشتی دەكاتە (ترلیۆنێك و 105 ملیار دینار) داهات بووە بۆ مووچە.

بەپێی داتای حكومەتی هەرێم لە پارەی بەردەستی (نەوت و ناوخۆ و عێراق) بۆ مووچەی مانگی (3) كۆی گشتی دەكاتە 902 ملیار دینار لەكاتێكدا كۆی گشتی مووچە بە وتەی بەرپرسانی حكومەت “پێویستی بە 890 ملیار دینارە”، بەڵام هێشتا بەشێكی فەرمانبەران و خانەنشینان لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین مووچەیان وەرنەگرتووە.

مەسرور بارزانی: داهاتی ناوخۆی سلێمانی كوا؟
مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ ڕایگەیاند، پێویستە ئەجێندای حكومەت لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان جێبەجێبكرێت، كاتی خۆیشی دەسەڵات شۆڕكراوەتەوە بۆ حكومەتی نێوخۆیی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان لە چوارچێوەی ئەجێندای حكومەتدا، بەڵام وەكو یەك ئەجێندای حكومەت جێبەجێنەكراوە، لە هەندێك شوێن داهاتی ناوخۆ زیادبووە، لەهیەندێك شوێن نەك زیادنەبووە، كەمیشی كردووە، ئەمە هۆكاری دواكەوتنی مووچەیە، كە ماوەیەكە لە سنووری سلێمانی كێشە دروستبووە.

دەشڵێت: “داهاتی نەوت و 200 ملیارەكەی بەغدا هەیە، داهاتی نێوخۆ كێشەی هەیە، لە هەولێر و دهۆك زیادیكردووە، لە شوێنەكانی دیكە كاری لەسەر نەكراوە، ئەمە هۆكاری دواكەوتنی مووچەیە”.

میدیای یەكێتی و پارتی ژمارە و داتای جیاواز دەخەنەڕوو
بەپێی ئەو نووسراوە، كە كەناڵی گەلی كوردستانی زمانحاڵی فەرمی یەكێتی بڵاویكردۆتەوە، پوختەی ماوە لە داهاتی نەوتی سەربەخۆ 800 ملیار دیناربووە، كە 279 ملیار دینار بۆ سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین بووە و 521 ملیار دینار بۆ هەولێر و دهۆك بووە.

ئاماژە بەوەشكراوە، كۆی داهاتی نا نەوتی لە هەرێمی كوردستان 300 ملیار دینار بووە، كە 100 ملیار دیناری ئیدارەی سلێمانی و هەڵەبجە و 200 ملیار دینار لە ئیدارەی هەولێر و دهۆك و هاوكات پارەی هاوپەیمانان، كە 22 ملیار دینار بووە 9 ملیار دینار بۆ سنووری ئیدارەی سلێمانی هەڵەبجە و 23 ملیار دینار بۆ سنووری ئیدارەكانی هەولێر و دهۆك بووە.

بەپێی خشتەكە، كۆی داهاتەكانی مانگی سێ، یەك ترلیۆن و 132 ملیار دینار بووە، كە 338 ملیار دینار بۆ ئیدارەی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین بووە بە ڕێژەی (34%) و بۆ ئیدارەی هەولێر و دهۆك بڕی 744 ملیار دینار بەڕێژەی (66%) بووە.

لای خۆشیەوە، لیزا فەلەكەدین كاكەیی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دەڵێت: گریمان وای دابنێین ئەو داتایانەی بڵاویان کردۆتەوە ڕاستە، کەوابێت ئەو پارەیەی لە هەولێرەوە بۆ سلێمانی نێردراوە بەشی تەواوی مووچەی مانگی سێی مووچەخۆرانی پارێزگای سلێمانی (سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەرین) دەکات.

ڕوونیشی كردۆتەوە، پارێزگای سلێمانی بۆ دابینکردنی مووچەی مانگێکی فەرمانبەرانی پێویستی بە ۳۸٠ ملیار دینار هەیە، بەپێی ئەم خشتەیەی کە بە میزاجی خۆیان دروستیان کردووە کەوابێت ۳۸۸ ملیاریان بۆ نێردراوە کە زیاترە لەو پارەیەی بۆ مانگێکی مووچەخۆرانی سنوورەکە پێویستە. ئەی خێرە تا ئێستا بەشێکی موچەخۆران موچەی مانگی سێیان وەرنەگرتووە؟!