سەردێر

ڕێنماییەكانی كاركردنی كارگەكانی غاز ڕاگەیەنرا

خەڵك

بەڕێوبەرایەتی نەوت وكانزاكانی سلێمانی 12 ڕێنمایی سەبارەت سەبارەت بە چۆنیەتی كاركردنی كارگەكانی غاز لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە ڕادەگەینێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، قائیمقامیەتی هەڵەبجە بڵاویكردووەتەوە، بەمەبەستی ڕێكخستن و بەدواداچون بۆ ئەو بڕە غازەی كە دابین دەكرێت بۆ كارگەكانی غاز لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی چەند ڕێنماییەكی تایبەتی سەبارەت بە كاركردن لە كارگەكانی غاز ئاراستەی یەكە ئیداریەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە كردووە.

باس لە ئەوەشكراوە، لیژنەی سوتەمەنی قایمقامیەتی قەزای مەڵبەندی هەڵەبجە لە پارێزگای هەڵەبجە بە بەردەوام چاودێری كارگە غازەكانی ( سیروان، عەبابەیلێ، هەورامان هەڵەبجە )یە، ئەمەش لەپێناو ڕێكخستن و چاودێری ئەو بڕه غازەی كە دەگاتە سنوری پارێزگای هەڵەبجە، جگە لەمەش فشاردەكەین بۆ ناردنی بەشە غازی زیاتر بۆ پارێزگای هەڵەبجە.

ئەو ڕێنماییانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانییەوە بۆ كاركردنی كارگەكانی غاز لە سنوری هەڵەبجە دیاریكردون بریتین لە:

یەكەم: كاتی كاركردنی كارگە لە كاتژمێر 6:00 ی بەیانی تا 9:00ی بەیانی دەبێت، وە ڕۆژانی هەینی پشوەو نابێت كارگە كار بكات.
دوەم: كامێرای چاودێری ناو كارگەكان بەردەوام لەكاردا بێت و تۆمارەكانیان ئامادە بێت بۆ پێداچونەوە.
سێیەم: تابلۆی زانیاری ( ناوی كارگە، ناوی بریكار، ژمارەی ئۆتۆمبێل، ژمارەی مۆبایل، …. هتد ) هەڵبواسرێت لەسەر ئۆتۆمبێلی بریكارەكان وە ناوو زانیاری هەمو بریكارەكان لەلامان تۆمارە و هەر گۆڕانكاریەك لە بریكار یان ئۆتۆمبێلی بریكار بكرێت پێویستە بە ڕەزامەندی بەڕێوبەرایەتیمان بێت.
چوارەم: فرۆشتنی غاز لەناو كارگە بۆ هاوڵاتی ( تاك فرۆش ) بۆ هەر ( یەك بار ) نابێت لە (25) بوتڵ زیاتر بێت، وە نرخی فەرمی كە بڕی (8500) هەشت هەزار و پێنجسەد دینارە، وە بە بڕی (7500) حەوت هەزار و پێنجسەد دینار بۆ بریكار، ولەكاتی داواكاری زیاتر لەلایەن هاوڵاتیانەوە ڕووبەڕوی بریكار بكرێت.
پێنجەم: پێویستە فرۆشتنی غاز لەكارگەوە بۆ هاوڵاتیان و شوێنە گشتیەكان تەنها لە ڕێگەی بریكارەوە بێت. وە پێویستە بریكار ئەو بڕە غازەی ڕۆژانە باری دەكات لای خۆی تۆماری بكات وە مانگانە پاكتاوی لەگەڵ دەكەین.
شەشەم: دیاریكردنی بەشی بریكارەكان بە بوتڵ بۆ هەر بارێك هەڵبواسرێت لەناو كارگەدا لەگەڵ بڕی هاتووی بارەكە بەپێی ( مەنەفێست ).
حەوتەم: پێویستە خاوەن كارگە لەكاتی هاتنی غاز ئاگاداری لیژنەی چاودێری كارگەكان لەسنوری ئیداری كارگەكە بكات، وە بە ئاگاداری لیژنەكە بەتاڵ بكرێت و دابەش بكرێت.
هەشتەم: بریكار لە ڕۆژێكدا تەنها یەك جار دەتوانێت غاز باربكات وەنابێت لە (75) بوتڵ زیاتر باربكات.
نۆیەم: هەڵسوڕاندنی بریكاریەتەكە لەلایەن كەسێكی تر جگە لە بریكاری سەرەكی وەك گۆڕینی شۆفێر، پێچەوانەی ڕێنماییەكانە.
دەیەم: پێویستە ئەم گشتاندنە لەناو كارگە هەڵبواسرێت و گشت بریكارەكانی لێ ئاگادار بكرێتەوە.
یانزدەیەم: پێویستە هەمو كارگەیەك ڕۆژانە ڕاپۆرتی هەبێت لە رەسید و هاتوو فرۆشراوبونی كۆتایی تێدا تۆماركراو بێت وەك ئەو شێوە ڕاپۆرتەی كە هاوپێچە وە مانگانە ئەو ڕاپۆرتە بگاتە بەڕێوبەرایەتیمان.
دوانزدەیەم: لەكاتی پابەند نەبونی كارگە و بریكار بەو خاڵانەی ئاماژەی پێكراوە ڕێكاری یاسایی دەگیرێتەبەر.





هەلبژاردە

گرنگترینەکان